مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 20ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و گشت کارمەندانی دەزگاکە، هیوادارە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە نموونەیەکی گەشیی کاری مرۆیی و خێرخوازیی بێت.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەت هاتووە: لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و گشت کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم و هیوای بەردەوامبوون و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
هەروەها دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ماندووبوون و کارکردنی بەردەوامیان لەپێناو یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و لێقەوماو.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاندووە: دەزگای خێرخوازیی بارزانی ، خاوەنی پێگەیەکی دیار و سەنگینە لە کاری بەخشین و خێرخوازیدا و بەبێ هیچ جیاوازی کردنێک، خزمەتێکی شایستە و بەرچاو پێشکەشی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و لێقەوماوان دەکات نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەروبەر و جیهانیش.
هەروەها ئاماژەیداوە، ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ هەموو خێرخواز و بەخشەر و هەموو ئەو لایەن و ئاژانس و ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییانە هەیە، کە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە گەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەن و کارو چالاکیی و پڕۆژەی هاوبەش ئەنجام دەدەن .
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە پەیامەکەیدا ئاماژەیداوە، ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پیرۆز بێت و هیوادارام هەمیشە نموونەیەکی گەشیی کاری مرۆیی و خێرخوازیی بێت.

