كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد، تا ئێستا 290 بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخستووەتەوە كە بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی رایگەیاندووە: هۆكاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانە جۆراوجۆرن و پەیوەندییان بە رێكارەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری، تاوان، رەفتار و رابردوویانەوە هەیە.
كۆمیسیۆن هەروەها رایگەیاندووە: ئەو بەربژێرانەی كە دوورخراونەتەوە سەر بە بازنەكانی هەڵبژاردنی نەینەوا،دیوانییە، نەجەف، میسان، بەغدا، واسیت، سەڵاحەدین، ئەنباڕ، كەركووك، كەربەلا، موسەننا و بەسڕەن.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو مەشعان جبووری كەسایەتییەكی سیاسیی عێراقی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردبووەوە: دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری كۆمیسیۆن ژمارەیەك بەربژێری بەهۆی ئەندامبوون لە حزبی بەعسی لەناوچوو دوورخستووەتەوە كە ژمارەیان 253 بەربژێرە.
مەشعان جبووری ئاماژە بەوەش دابوو كە بەشێك لەو بەربژێرەكان كە ژمارەیان 16 كەسە، بەربژێری ناودار و خاوەن پێگەن.
بڕیارە لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت كە لە 329 كورسی پەرلەمانی پێكهاتووە.

