سەرجەم ئەو دوکانانەى بازاڕى لەنگە کە بە هۆى ئاگرکەوتنەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە 30% بۆ ساڵى 2023 و لە 100% بۆ ساڵی 2024، لە وەرگرتنى باج دەبەخشرێن
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.4.27، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بەئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و د.کەمال تەیب، بەڕێوەبەرى گشتیى باجەکان و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، كۆبوونهوهیهكی تایبهتی سهبارهت بەهاریکارى و یارمەتیدان و دەستگیرۆیی کاسبکار و دوکاندارانى زیانلێکەوتووى بازاڕى لەنگەى شارى هەولێر ئەنجامدرا.
له كۆبوونهوهکەدا، پارێزگارى هەولێر دەستخۆشى لە ئەنجومەنى شارەوانى هەولێر کرد بۆ بڕیارى ڵێخۆشبوونى (یەک ساڵ) لە کرێى ساڵانە و (6 مانگ) لێخۆشبوون لە ڕسووماتى خۆڵ و خاشاکى ئەو دوکانانەى بازاڕەکە، کە گرێبەتستیان لەگەڵ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر هەیە و بەهۆى ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى ئێوارەی ڕۆژی 2024.2.27 زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها جەختى لەوەکردەوە لە دواى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز، لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەستبکرێت بەڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕى لەنگە و هەڵگرتن و لادانى سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکانى نێو بازاڕەکە، کە جگە لەوەى سیمایەکى ناشارستانیان بە بازاڕەکە بەخشیووە، بوونەتە هەڕەشە و مەترسیش بۆ دووبارە بوونەوەى ڕووداوى دیکەى هاوشێوەى ئاگرکەوتنەوەى ماوەى ڕابردوو.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستەسەر چەند ڕێکارێکى ترى هاریکاریکردن و دەستگیرۆیی کاسبکار و دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕى لەنگە، بەتایبەتى لە پرسى وەرگرتنى باج لێیان، بۆ ئەو مەبەستەش دواى وەرگرتنى ڕاى بەڕێوەبەرى گشتیى باج و سەرەنج و تێبینى ئامادەبووان بڕیاریدا:-
“بە لێخۆشبوونى لە 30% بۆ ساڵى 2023 و لە 100% بۆ ساڵی 2024، لەوەرگرتنى باج لە سەرجەم ئەو دوکانانەى بازاڕکە کە بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیانبەرکەوتووە و ژمارەیان (166) دوکانە”.
جێگەى باسە، ئێوارەی ڕۆژی 2024.2.27، بەهۆى کەوتنەوەى ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، لە کۆى (2400) دوكان (166) دوکانی بازاڕەکە زیانیان پێگەیشت، وەک هاوکارى و دەستگیرۆیی کاسبکار و دوکاندارانى بازاڕەکەش ئەنجومەنى شارەوانى هەولێر لە دانیشتنى ژمارەى 10ى 2024.3.6، بڕیاریدا بەلێخۆشبوونى (یەک ساڵ)ى کرێى ساڵانە و (6 مانگ)ى لێخۆشبوون لە ڕسووماتى خۆڵ و خاشاکى هەموو ئەو دوکانانەى بازاڕەکە، کە گرێبەتستیان لەگەڵ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر هەیە و بەهۆى ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە و ڕۆژى یەکشەممەش 2024.3.24، بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بڕیارەکەى پەسەند کرد و چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.