zagros news agency

نرخی گۆشتی سوور لە ئێران یەک ملیۆن تمەنی تێپەڕاند

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ئەیلوول، نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا بە تێکڕا یەک ملیۆن تمەنی تێپەڕاند.
ڕاپۆرتەکان، لەوانە ماڵپەڕی “ئابووری ئۆنلاین”، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا نرخی هەر کیلۆیەک فیله‌ی گۆلک و بەرخ گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٤٥٠ هەزار تمەن و ڕانی مەڕیش بە نزیکەی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی یەکێتیی ئاژەڵداران ، بە لەبەرچاوگرتنی نرخی ئێستای ئاژەڵی زیندوو، نرخی لۆژیکیی هەر کیلۆیەک گۆشت نابێت لە ٦٠٠ هەزار تمەن زیاتر بێت.
سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسان بۆ دابەزاندنی نرخەکان، نرخی گۆشت هێشتا لە بەرزبوونەوەدایە و فشارێکی زیاتری خستووەتە سەر بژێویی خێزانەکان. ناوەندی ئاماری ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو، ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی تەممووزدا گەیشتووەتە ٤١.٢٪، کە بەرزترین ئاستە لە دوو ساڵی ڕابردوودا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەڵاوسانی مانگانەی گۆشتی سوور ٥.٨٪ بووە.
هاوکات، میدیاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە بازدانێکی توندتری نرخەکان دەکەن، لەوانە تێپەڕبوونی نرخی هەر کیلۆیەک برنجی ئێرانی لە ٣٠٠ هەزار تمەن. لەلایەکی دیکەوە، پێوەری هەژاری لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٤٢.٢ یەکە.
شارەزایان پێیان وایە جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەرەنجامی ئابووریی قورسی لێکەوتووەتەوە؛ بۆ نموونە تەنها لە کەرتی ئابووریی دیجیتاڵدا، وەزارەتی پەیوەندییەکان باس لە کەمبوونەوەی ٣٠٪ی هەلی کار و زیانێکی مانگانەی ١٥ هەزار ملیار تمەنی دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

فڕۆکەکانی عێراق داعش لە ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین دەکەنە ئامانج

سەڵاح

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح

لە پاکستان زیاتر لە ٢٠٠ زیندانی هەڵاتن

یاسین