لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕێککەوتنێکی نوێی سەبارەت بە بەردانەوەی ئاوی زیاتری بەنداوی دەربەندیخان ڕاگەیاند، بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی حەمرین کە بە دەمارى ژیانی پارێزگاکە دادەنرێت.
ڕەعد تەمیمی، سەرۆكی لیژنەی کشتوکاڵیی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، بۆ (بەغداد ئەلیەوم) ڕایگەیاندووە، ئاوی بەردراوە لە بەنداوی دەربەندیخانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لەبری 50 مەتر سێجا، تەنیا نزیکەی 8 بۆ 10 مەتر سێجا دەگاتە دەریاچەکە، هۆکارەکەیشی بۆ زیادەڕۆییەکان دەگەڕێتەوە.
بە گوتەی تەمیمی، ڕێککەوتنە نوێیەکە جەخت لەسەر لابردنی هەموو زیادەڕۆییەکانی سەر ڕووباری سیروان، پابەندکردنی جووتیاران بە پلانە کشتوکاڵییەکان و ڕێگریکردن لە پیسکردنی ئاوەکە دەکاتەوە.
دەریاچەی حەمرین کە گەورەترین سەرچاوەی ئاوی دیالەیە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاوەوە، زیاتر لە نیوەی توانای خۆی لەدەست داوە، ئەمەش هەڕەشەیەکی جددی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، ئاوی خواردنەوە و وزە دروست کردووە.
تەمیمی باسی لەوەش كرد، کە بەمزووانە رێككەوتنەكە جێبەجێ دەکرێت و لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دەریاچەی حەمرین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تووشی کەمبوونەوەی ئاوی کۆگاكراو دەبێت، ئەمەش وا دەکات پارێزگاریی لەو ئاوە بکرێت کە لە بەنداوی دەربەندیخانەوە دەگات، بۆ دڵنیابوون لە هاوسەنگیی لەنێوان داهات و بەردانەوەی ئاودا.

