zagros news agency

ئیسرائیل: ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززە لەگەڵ حەماس واژۆ کراوە

 

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی حکوومەتی ئیسرائیل، ڕێککەوتن لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ قۆناغی یەکەمی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە فەرمی واژۆ کراوە. بڕیارە ئەندامانی حکوومەتی ئیسرائیل هێشتا لەبارەی ڕێککەوتنی ئاشتییەوە گفتوگۆ بکەن و پەسەندی بکەن.

گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، وەشانی کۆتایی ڕێککەوتنەکە “بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان” لە میسر “لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە” واژۆ کراوە.

ڕێککەوتنەکە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەخۆ دەگرێت.

بڕیارە حکوومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ نیوەڕۆ کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە و بە فەرمی پەسەندی بکات. ڕۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” بە پشتبەستن بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، بنیامین ناتانیاهۆ، ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئاگربەست لە کەرتی غەززە لە دوای ئەم کۆبوونەوەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتبووی: «بە پەسەندکردنی قۆناغی یەکەمی ئەم پلانە، هەموو بارمتەکانمان دەگەڕێنەوە ماڵەوە. ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی و سەرکەوتنێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل».

ناتانیاهۆ و ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە مێژووییەیان لە یەکتر کرد و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتارێک پێشکەش بکات.

حەماسیش ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، لیستی بارمتەکان و هەروەها ناوی ئەو زیندانییە فەلەستینیانەی بڕیارە ئازاد بکرێن، ڕادەست کردووە.

ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا خۆی لە گفتوگۆکردن لەسەر داواکاریی ئیسرائیل بۆ چەککردنی حەماس بواردووە. سەرچاوەیەکی فەلەستینی دەڵێت، حەماس تا ئەو کاتەی سەربازانی ئیسرائیلی لە خاکی فەلەستیندا بن، ئەم داواکارییە ڕەت دەکاتەوە.

بزالێل سمۆتریچ، وەزیری ڕاستڕەوی تووندڕۆی ئیسرائیل، بە ڕاشکاوی دژایەتیی خۆی بۆ ئەم ڕێککەوتنە دەربڕیوە. ئەو گوتی، پارتەکەی لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە نییە. سمۆتریچ کە وەزیری داراییە لە کابینەکەی ناتانیاهۆدا، لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی، سەرەڕای “خۆشحاڵیی زۆر” بە گەڕانەوەی نزیکی بارمتەکان، لە هەمان کاتدا “نیگەرانیی قووڵی” بەرانبەر بە ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی هەیە.

بەرپرسانی تەندروستیی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدان، دەڵێن، لە سەرەتای وەڵامدانەوەی سەربازیی ئیسرائیلەوە دوای هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، زیاتر لە ٦٧ هەزار کەس کوژراون و بەشێکی زۆری کەرتی غەززە وێران بووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن، لە هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، نزیکەی ١٢٠٠ کەس لەو وڵاتەدا کوژران و ٢٥١ کەسیش بە بارمتە گیران. لە کۆی ٤٨ بارمتەی ماوە، ئەگەری هەیە نزیکەی ٢٠ کەسیان لە ژیاندا مابن.

هەواڵی پەیوەندیدار

فازل میرانی پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد

سەڵاح

ئوستورالیا داوای لە هاووڵاتیانی کرد ئێران جێبهێڵن

سەڵاح

به‌پێی به‌دواداچونی زاگرۆس: به‌4 پرۆژه‌ی گه‌وره‌ به‌به‌های 120ملیۆن دۆلار ئه‌مه‌ریكا وه‌به‌رهێنانی له‌ هه‌ولێرو دهۆك كردووه‌

یاسین