حزبی “مەدەنیون، ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ هەموو هەوڵەکان ڕاگەیاند کە ئامانجیان دابەشکردنی پارێزگای نەینەوایە بە هەر بیانوو یان ناونیشانێک بێت، هۆشداریی دا لەوەی کە ئەو داوایانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر یەکێتیی عێراق و دەرگا بە ڕووی قۆناغێکی نوێی ململانێ ناوخۆییەکاندا دەکەنەوە.
ئوسامە یوسف زەنوون خەتات، سەرکردە لەو حزبە، لە بەیاننامەیەکدا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “بانگەوازەکان بۆ دابەشکردنی نەینەوا لەسەر بنەمای پێکهاتەیی لە ڕووی شێوە و ناوەڕۆکەوە ڕەتکراونەتەوە،” هۆشداریی دا لەوەی کە ئەوانە ڕێگە خۆشدەکەن بۆ ململانێیەک کە تەنها دوژمنانی عێراق سوودی لێ وەردەگرن.
خەتات داوای لە هەموو هێزە سیاسی و ئایینی و عەشایەری و مەدەنییەکانی نەینەوا کرد کە “هەڵوێست و قسەیان یەکبخەن بۆ بەرگریکردن لە یەکێتیی پارێزگاکە،” جەختی کردەوە کە “نەینەوا گۆڕەپانێک نییە بۆ سازشە سیاسییەکان، بەڵکو هێمای شارستانیەت و فرەیی مێژووییە.”
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە “نەینەوا وەک بەشێک لە عێراق یەکگرتوو و ئارام و جێگیر دەمێنێتەوە، با پیلانگێڕییەکانیش هەر چەندە توند بن.”
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە بانگەوازگەلێکی سیاسی هەن بۆ گۆڕینی بەشێک و ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا بۆ پارێزگای نوێ بە ئاراستەی “نەتەوەیی و تائیفی.”
پێشتر، کوتلەی بەدری پەرلەمانی کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، داوای پێکهێنانی پارێزگایەکی نوێی کردبوو کە تەلەعفەر و شنگال و دەشتی نەینەوا لەخۆبگرێت بە ئامانجی “ڕزگارکردنی پێکهاتە عێراقییەکان لە پەراوێزخستن”، بە گوتەی خۆیان.

