zagros news agency

ژیان شەهید جەلال، بەربژێری پارتی لە سلێمانی: پارتی هەمیشە تێکۆشاوە بۆ ئازادی و کەرامەتی نەتەوەیەکی مەزڵووم

 

بەربژێری ژمارە ۱۷ی لیستی ۲۷٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: “دەنگی هاووڵاتییان ئەمانەتی ئێمەیە، ئەمانەتی ڕێبازی بارزانیی نەمرە، ئەمانەتی هەموو ئەو پاڵەوانانەیە کە لە چیا و دۆڵەکانی کوردستان خوێنیان بوو بە گوڵاڵەسوورەی ئازادیی کوردستان. دەنگدان بە پارتی واتا پاراستنی مافەکانی کوردستانە، واتا بەهێزکردنی دەنگی کورد لە بەغدا، واتا ئایندەیەکی گەشتر و ئاوەدانیی زیاتر بۆ کوردستان.”

ژیان شەهید جەلال، خانمە نووسەر و یاساناس و بەربژێری ژمارە ۱۷ی لیستی ۲۷٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی، بۆ زاگرۆس ڕاگەیاند: ”لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و دامەزراندنی عێراقی نوێ و بەستنی چەندین ڕێککەوتننامەی سیاسی لەنێوان کوتلە سیاسییەکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پەرۆشییەوە بەرەوپیری هەر هەنگاوێک چووە کە ئامانج لێی هەنگاونان بووە بەرەو چەسپاندنی فیدڕالیزم و هاوبەشیی ڕاستەقینە، هەربۆیە پارتی تەنیا حزبێكی سیاسی نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتیی بوونی کورد دەکات بەرانبەر بەو هزرە شۆڤێنییەی کە هەرجارەو بە بیانوو و پیلانێک هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی و زمانی ئێمە دەدات پارتی خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە خەبات و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و ئەرکە سەختەکان، هەر لە یەکەم نەعرەتەی تفەنگەوە لەپێناو ئازادی و سەربەستیی کوردستان بە سەرکردایەتیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان بووەتە داینەمۆ و پێشڕەوی خەباتی ڕاستەقینەی گەلی کورد. “

گوتیشی: ”هەر لە چیا بەرزەکانی کوردستانەوە تا گۆڕەپانەکانی سیاسەت، پارتی هەمیشە تێکۆشاوە بۆ ئازادی و کەرامەتی نەتەوەیەکی مەزڵووم هەر لە ڕۆژانی تاریکی دیکتاتۆرییەتەوە تا ڕۆژی ڕووناکی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی هەمیشە دەنگی زوڵاڵی ناو دڵی هەر کوردێک بووە کە بە سەربەرزییەوە دەڵێت (ئێمە کوردین و شانازی بە ناسنامەی کوردبوونانمەوە دەکەین و هەرگیز نابەزین)“

ژیان شەهید جەلال، ده‌شڵێت: “بەغدا هەمیشە بە پاساوی جۆراوجۆر و بە مێنتەڵێتێکی بارگاوی بە پەراوێزخستن هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و شوناس و زمانی ئێمەی داوە. له پەرلەمان و لە هەر کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، کاتێک دەستەکانی بەغدا درێژ بوون بۆ سەر مافەکانی ئێمە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دیوارێکی پۆڵایین لەوێ ڕاوەستاوە! بووەتە ڕەنگ و دەنگی کورد لە بەغدا. دەنگێکی زوڵاڵ کە هیچ فشار و گەمارۆ و هەڕەشەیەک بێ دەنگی نەکردووە و سازشی پێ نەکردووە. داکۆکیکەرێکی سەرسەخت بووە لەو دۆزە نیشتمانییە و پارێزەرێکی بوێر و سەرڕاست بووە لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد.”

هەروەها گوتیشی: “هەرکاتێک بەغدا دەیەوێت بوونی کوردستان ببڕێت، پارتی هەڵوێستی توند و بەرەنگاری هەبووە! کاتێکیش ویستوویانە خاک و زەویی کورد داگیر بکەن، بووەتە قەڵای بەرگری و خۆبەدەستەوەنەدان. پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکوو گوزارشتە لە بوونی کورد لە بەغدایەک کە هەرجارەو بە بیانوو و پیلانێک هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی و زمانی ئێمە دەدات.”

ژیان شەهید جەلال، هەروەها گوتیشی: “لەکاتێکدا کە ویستێک هەبێت لەلای هێزە سیاسییەکانی دیكە بۆ ڕێککەوتن و دانوستان و گفتوگۆی بەرهەمدار، پارتی بە گوڕوتینەوە بەرەوپیری چووە و باوەڕی تەواوی بە هێزی نەرمی دیالۆگ هەبووە بۆ لێکحاڵیبوون و چارەسەری گرفت و گرژییەکان، جیا لەوەی کە سەنگی پارتی نەک بۆ نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا گرنگە، بەڵکوو بۆ خودی پرۆسەی سیاسیی عێراقیش گرنگ بووە، هێزێکی بڕیاردەر و یەکلاکەرەوە بووە لە پاراستنی سەقامگیریی سیاسیی عێراق و زۆرینەی کات هەولێر بووەتە چەقی بڕیار و سەکۆی پێکهێنانی زۆر لە کابینەکانی حکوومەتی عێراقیش.“

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک… ڕاگەیاندنى ئامارى گشتیى سەرجەم ئەو شوێنانەى کە تابلۆکانیان کردووە بە کوردى

دڵشاد

جامی ئینگلتەرا.. مانیونایتد شکستی بە مانسیتی هێنا و بووە پاڵەوانی جامەکە

یاسین

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمان: ئاگەداری ئەو بانگهێشتەی سەرۆكی كاتی دانیشتنی پەرلەمان نین و دانیشتن لە ئارادا نییە

یاسین