zagros news agency

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئیماراتی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 10/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا ناسر لوتاە، یاریدەدەری وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کێبڕکێ کرد.

سەرۆکی حکومەت، پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیمارات و بە تایبەتی سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیران شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم دەربڕی بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی حکومی و بەشداریکردنی شارەزاییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.

لەمیانەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە بەهێزکردنی هاریکاری لەنێوان هەردوولادا کرا و زیاتر لە 30 دەستپێشخەرییان ڕاگەیاند بە سوودوەرگرتن لە شارەزاییی ئیمارات لە بوارەکانی؛ سیستەمی بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ئاستی حکومی، کە داشبۆردێکی ناوەندی بۆ حکومەتی هەرێم دابین دەکات بۆ چاودێریکردنی پێشکەوتنەکان لە هەموو وەزارەتەکاندا، هەروەها بڕیاردان باشتر و بەرپرسیارییەتی بەهێز دەکات. دەستپێشخەریی کۆدنووسانی کوردستانیش ڕاگەیەنرا، کە ئامانجی ڕاهێنانی 30 هەزار گەنجە لە بواری کۆدنووسین، زیرەکیی دەستکرد و شارەزاییی دیجیتاڵی، کە توانای نەوەی داهاتووی داهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان بەهێزتر دەکات.

شاندی ئیماراتی تیشکیان خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان کە دەستنیشانکردنی بوارەکانی هاوکاریی دوولایەنەیە، لەوانە ستراتیژی دیجیتاڵکردنی حکومەت، پێشبینیی داهاتوو، وەبەرهێنان و ئابووری، چاودێریی تەندروستی، گۆڕانی کەشوهەوا، فڕۆکەوانی و پێشخستن و بنیاتنانی توانا مرۆییەکان و بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی قوربان

یاسین

ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگدانی لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی ئاگربەستی غەززە دواخست

سەڵاح

وەزارەتی تەندروستی ئامادەکاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکانی سکچوون و کۆلێرا دەکات

سەڵاح