ئەحمەد سەحاف، هەڵسوورێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، گیانلەدەستدانی کۆچبەرێکی عێراقی لە یەکێک لە سەنتەرەکانی دەستبەسەرکردن لە لیبیا ڕاگەیاند.
سەحاف راگەیاند: “دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە لیبیا، ئاگاداریان کردینەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەری عێراقی بە ناوی “هۆگر ئاسۆ خدر” بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەناو سەنتەری دەستبەسەرکردنەکەدا.”
سەحاف ئاماژەی بەوەدا: “باڵوێزخانەی عێراق لە تەرابلوس هاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ خێزانی کۆچکردوو دەردەبڕێت و دووبارە بانگەوازەکەی بۆ سەرجەم خێزانەکان نوێ دەکاتەوە کە رێگە بە منداڵەکانیان نەدەن رێگەی کۆچکردنی نایاسایی بگرنەبەر، چونکە تووشی لێپرسینەوەی یاسایی و مەترسیی گەوره دەبنەوه.”
راشیگەیاند: “باڵوێزخانەی کۆماری عێراق لە تەرابلوس پێشتر رێکارەکانی گەڕاندنەوەی (41) کۆچبەری تەواو کردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە لیبیا”، ئاماژەی بەوەشدا کە “باڵوێزخانە کاریکردووە بۆ دابینکردنی بلیتەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان.”
هەروەها وتیشی: “باڵوێزخانە ژمارەی تەلەفۆنی تایبەتی دابین کردووە بۆ ئەوەی خێزانەکانی کۆچبەران بتوانن دڵنیا ببنەوە لە سەلامەتی رۆڵەکانیان.”

