بەهرە محەمەد
ئەمە وتەی نێچیرڤان بارزانی بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەبەرامبەر لایەنگرانی پارتی ئاراستەی جەماوەری کوردستان و عێراقی کرد. ئەم وتەیە لێکدانەوە و خوێندنەوەی زۆر لە خۆدەگرێت، چونکە ئێمەی کورد بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز و گرنگ هەنگاو دەنێین، کە لە قۆناغی داهاتووی عێراق بۆ پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری هەیە.
ئەوەی نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی پێدا و ڕوونی کردەوە ئەوە بوو کە پارتی چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیهانی وا دەناسرێتەوە کە پارتێکە و خاوەنداریەتی ئەم هەرێمە دەکات و بەرپرسە لە نوێنەرایەتی کورد وەک نەتەوە و هەرێم وەک قەوارەیەکی دەستووری و متمانەپێکراو. لەم ئاماژەدانەدا دەبێت لەوە تێبگەین کە پارتی بەهێز بێت و زیاتر دەنگ بەدەست بهێنێت، زیاتر پێگەی ئەم هەرێمە بەهێز دەبێت، چونکە لەم هەرێمە بۆ هەموو لایەک ڕوون و دیارە کە پارتی تاکە هێزی سیاسیە بە شەفافیەت و شانازییەوە توانیویەتی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بکات لە گوزارشت کردن لە کوردبوون و کوردستانی بوون.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی ئاشکراکرد کە پارتی لەسەر ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتییەوە بەفەرمی ناسراوە کە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان و قەزیەی نەتەوەیی دەکات لەسەر ئاستی جیهانیدا. پارتی واتا کوردبوون و کوردستانی بوون، چونکە ئەم پارتە لە دروستبوونیەوە تا ئەمڕۆ پارتێکی نەتەوەیی بوو و هەمیشە بەرگریکارێکی گەورەی مافەکانی کورد بووە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان. بە درێژایی مێژووی کورد، پارتی بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی خەباتیان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد و هەوڵدان بووە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی سەربەخۆ.
بەهێزی پارتی بەهێزی کورد و کوردستانە، چونکە لای دوژمنی کوردیش بەردەوام پارتی ئامانجە بۆ ئەوەی کورد لاواز و بێ دەسەڵات بکەن، چونکە پارتی توانیویەتی ڕابەرایەتی پرسی کورد بکات. ئەوەی لای پارتیش گرنگە ئامانجی سەرەکی کوردستانە وەک سەربەخۆیی و بەرەو پێش چوون لە هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگا. بۆیە پێویستە پارتی سەرکەوتوو و بەهێز بێت بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەهێزمان هەبێت.
ئاماژەیەکی تری نێچیرڤان بارزانی کە ئاراستەی خەڵکی کوردستانی کرد، هانی جەماوەری دا بۆ ئەوەی بچن بۆ دەنگدان و دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە لە بەرژەوەندی خەڵک و دانیشتوانی ئەم هەرێمەیە کە پارتی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات. لە پەرلەمان و دروستبوونی حکومەتی داهاتووی عێراق بتوانرێت بەرگری لەم هەرێمە و ماف و دەستکەوتەکان بکات. لای هەموو خەڵکی کوردستانیش ئەوە ڕوون بووەتەوە کە پارتی دەتوانێت ببێتە پارتێکی کوردستانی و بەرگریکار لە مافە نەتەوەییەکان. ئەوەشمان بینی کە لە نەمانی پارتی لە کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان دەبینین ڕۆژانە کورد ڕووبەڕووی سووکایەتی و ڕاگوێزاندن و پەراوێزخستن دەبێتەوە. هەر پارتیشە بووەتە هێزی یەکەم لە بەرگریکردن و مانەوەی ئەم هەرێمە بە شێوەیەکی سەربەخۆ.
لای نەیارانی کورد لە بەغدا، هەمیشە کار لەسەر دژایەتی پارتی و گۆشەگیرکردنی دەکرێتەوە، چونکە لای دوژمنانی کورد بێهێزی پارتی واتای بێهێزی کوردە لە عێراقی داهاتوو. لای ئەوان پارتی بەربەستە لە جێبەجێکردنی ئەجێنداسیاسیەکانیان بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان نەخشەی ڕێگای داهاتوو دابنێن.
“کارەکانمان ئاوەدانیە”، ئەمە بەشی دووەمی وتەکانی نێچیرڤان بارزانی بوو، کە پارتی بەوە دەناسرێتەوە لە کردارەکانی کە بریتیە لە ئاوەدانی و خزمەتکردن بە هەموو خەڵک و جەماوەری ئەم هەرێمە. ڕابردووش گەواهی دەری ئەوەیە کە پارتی چ خزمەتێکی پێشکەشی خەڵک کردووە و چ ئاوەدانیەکی بنیادناوە. ئەوەی لەم هەرێمە دەژی و یاخود دێتە ئەم هەرێمە و یاخود لەم هەرێمە دەچێتە شارەکانی تر، دەزانێ پارتی چ ئاوەدانی گەورەی کردووە لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش بووەتە کێشە بۆ دوژمنانی کورد کە بەردەوام چاویان بەم پێشکەوتن و ئاوەدانیە هەڵنایەت کە ئەم هەرێمە چەند ئاوەدان بووەتەوە. پارتی کە سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کردووە، توانیویەتی زۆر بەسەرکەوتووانە ئەم هەرێمە ئاوەدان بکاتەوە و پلان بۆ داهاتوویەکی باشتر دابنێت. ئەو ئاوەدانیەی لەم هەرێمەش کراوە، لە کەم شوێنێکی ئەم جیهانە بەم ئیمکانیاتە کەمە کراوە.
پارتی واتا ئاوەدانی و بەرەو پێش چوونی سێکتەرەکانی ژیان لە هەموو ڕووێکەوە. ئەم شۆڕشە ئاوەدانیەی کە پارتی سەرکردایەتی دەکات لە هەرێمی کوردستان، ڕەنگدانەوەی زۆریشی هەبووە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانیشەوە. بۆیە زۆر جاریش بە ئاشکرا لەسەر شاشەکان نوێنەرانی وڵاتان و ئەوانەی هاتوونەتە ئەم هەرێمە ئاماژەیان بەم پێشکەوتن و ئاوەدانیە کردووە. ئەوەی لە بەغدا و خوارووی عێراق دەیبینین لە پرسی ئاوەدانی و پێشکەوتن، جیاوازی زۆری هەیە. زۆر جاریش ئەم ئاوەدانیەی هەرێم بووەتە داواکاری خەڵکی عێراق و لە زاری خۆیان باس لەم ئاوەدانیەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر و ئاوەدانی زیاتریش هەبێت، دەبێت پارتی سەرکەوتوو بێت و هەمیشە لە لوتکە دابێت. دروستکردن و بنیادنانی ئەم هەرێمە پارتی کردوویەتی و هەر بە پارتیش دەکرێت کە زیاتر خزمەتی خەڵک بکات و کوردستان ئاوەدان بکاتەوە. لە هەر شوێنێکیش بێت پارتی بالادەست و حاکمی شوێنەکە بێت، ئەوا گۆڕانکاری و ئاوەدانی گەورە دەبینین لە بوونی پرۆژەی ستراتیژی و خزمەتکردنی خەڵک و بوونی سەدان پرۆژەی ئاوەدانی.
پارتی و کوردستان و ئاوەدانی بوونەتە هێمایەک بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک. ئەوەی ماوەتەوە لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا، پارتی تاکە هێزی سیاسی عێراقە کە بتوانێت لە بەرامبەر خەڵکەکەی بانگەشە بکات و بە خەڵک بڵێت دەنگ بە ئێمە بدەن تا ژیانێکی خۆشتر و داهاتوویەکی باشترتان بۆ بنیاد بنێین لەسەر بنەمای خزمەتکردن و ئاوەدانی. کارەکان و بەرهەمی پارتی ئاماژەی دیارن تا خەڵک پاڵپشتی ئەو لیستە بێت کە ناسنامەی دەپارێزێت و ئاوەدانی بۆ دروست دەکات.
سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردە و زیاتربوونی ئاوەدانیە لەم هەرێمەدا. بۆیە دەبێت لەم وتەیەی نێچیرڤان بارزانی تێبگەین و هەموومان بەشداری بکەین لە دەنگدان… بەرەو یەک ملیۆن دەنگ هەنگاو بنێین تا پیشانی دۆست و نەیاران بدەین و پێیان بڵێین خەڵکی کوردستان لەگەڵ پارتیە و هەر پارتیشە دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵک بکات. دەبێت هەموومان بەو متمانە بەخۆبوون و شانازیکردن بە مێژوو و کارەکانی پارتی، هەوڵ بدەین دەنگ بدەین بەو لیستەی کە ناسنامەمان دەپارێزێت و ئاوەدانیمان بۆ دێنێتە دی کە ئامانج و هیوای هەموو کوردێکە.

