وەرزی پێنجەم و کۆتایی زنجیرەی بەناوبانگی “Stranger Things” مانگی داهاتوو دەگەڕێتەوە و نمایشکردنی بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکرێت. بەشی یەکەم لە 26ی تشرینی دووەم (چوار ئەڵقە)، بەشی دووەم لە 25ی کانوونی یەکەم (سێ ئەڵقە)، و بەشی سێیەم و کۆتایی لە شەوی سەری ساڵی نوێدا نمایش دەکرێت.
نووسەرانی زنجیرەکە رایانگەیاندووە، ئەڵقەی کۆتایی لە هۆڵەکانی سینەمادا نمایش دەکرێت. ئەوان دەڵێن: “زۆر دڵخۆشین کە هەواداران دەرفەتی بینینی دوا ئەڵقەی “Stranger Things” لە سینەماکاندا بەدەستدەهێنن – ئەمە شتێکە کە بەردەوام خەونمان پێوە بینیوە. بینینی زنجیرەکە لەسەر شاشەیەکی گەورە، بە دەنگ و وێنەی نایاب و لەگەڵ جەماوەرێکی گەورەدا، باشترین رێگایە بۆ ئاهەنگگێڕان بە کۆتایی ئەم سەرکێشییە”.
رووداوەکانی وەرزی نوێ لە پاییزی ساڵی 1987 روودەدەن، کاتێک شارۆچکەی هۆکینز هێشتا بەدەست ئازارەکانی کردنەوەی درزەکانەوە دەناڵێنێت.
پاڵەوانەکانیان یەکدەگرن بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی ڤێکنا، بەڵام ڤێکنا دیار نییە و حکومەتیش شارۆچکەکەی خستووەتە ژێر کەرەنتینەی سەربازییەوە. شەڕی کۆتایی نزیکە و تاریکییەکی گەورەتر لەوەی پێشتر رووبەڕووی بوونەتەوە، چاوەڕێیان دەکات.

