zagros news agency

پزیشکیان: دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە “هێزێکی زیاتر” دووبارە دروست دەکەینەوە

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، دووبارە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا نییە و ڕایگەیاند، “بە لەناوبردنی باڵەخانە و کارگەکان هیچ کێشەیەک دروست نابێت، ئێمە دووبارە و بە هێزێکی زیاترەوە دروستیان دەکەینەوە.” ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هۆشداریداوە کە ئەگەر تاران هەوڵی دەستپێکردنەوەی چالاکیی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆمبارانکراوەکان بدات، فەرمانی هێرشی نوێ بۆ سەر سایتە ئەتۆمییەکانی ئێران دەدات.
پزیشکیان پێش دەستپێکردنی جەنگی ١٢ ڕۆژەیش گوتبووی: “ئەوان هەڕەشە دەکەن کە ناوەندە ئەتۆمییەکانمان لێ دەدەن؛ سەد دانەیان لێ بدەن، هەزار دانە دروست دەکەین.” بەڵام دوای جەنگەکە، لە ڕەخنەگرتن لە نەیارانی هەر جۆرە دانوستانێک، ڕستەیەکی گوت کە زۆر بووە هەواڵ: “باشە دەتەوێ چی بکەی؟ دەتەوێ بجەنگی؟ باشە هات و لێی دا. ئێستا بڕۆین دروستی بکەینەوە، دووبارە دێت و لێی دەدات.” ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا سێ سایتی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێرانی بۆمباران کرد، بەو پاساوەی بەشێک بوون لە پرۆگرامێک بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی. سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی یەکشەممە هەروەها ئاماژەی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و گوتی: “هەموو ئەم پرۆگرامانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکن، بۆ نەخۆشییەکان، بۆ تەندروستیی خەڵک.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریكا مووشەكی ژێردەریایی و فڕۆکەهەڵگری (لینکۆڵن) دەهێنێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەڵاح

بوومه‌له‌رزه‌ لە ناوچەیەکی كوردستان ڕووی دا

سەڵاح

کۆچبەرێکی هەرێم لە لە لیبیا گیانی لەدەستدا

یاسین