دادگایەکی فیدراڵی لە واشنتۆن کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بڕی 841 ملیۆن دۆلار قەرەبووکردنەوەی 36 سکاڵاکار سزا دا، کە ئەندامانی خێزانی قوربانییانی هێرشە تیرۆریستییەکانی عێراقن لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2017، کە بە پاڵپشتیی دارایی و لۆجستیی ئێران و گرووپە پەیوەندیدارەکان ئەنجام درابوون.
دادگایەکی فیدراڵی لە واشنتۆن بڕیاری دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت بڕی 841 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە 36 سکاڵاکار. ئەم سکاڵاکارانە ئەندامانی خێزانی ئەو قوربانییانەن کە لە هێرشە تیرۆریستییەکانی عێراق لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2017 گیانیان لە دەست داوە، ئەو هێرشانەی کە بە پاڵپشتیی دارایی و لۆجستیی ئێران و گرووپە پەیوەندیدارەکان وەک “زەرقاوی” و “ئەنسارولئیسلام” ئەنجام درابوون.
بەپێی ماڵپەڕی “لا دات کۆم”، دادوەر ڕاندۆڵف ماس، داواکاری گشتیی ناوچەی کۆڵۆمبیا، لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی: “هیچ بڕە پارەیەک ناتوانێت ئازار و ناخۆشیی قوربانییان قەرەبوو بکاتەوە.” ئەم دۆسیەیە بە پشتبەستن بە یاسای “پاڵپشتیی دەوڵەتی لە تیرۆر” لە یاسای پارێزبەندیی حکوومەتە بیانییەکانی ئەمریکا تاوتوێ کراوە.
پارێزەرانی سکاڵاکاران ڕایانگەیاندووە وەرگرتنی قەرەبوو لە سەروەت و سامانی ئێران کارێکی دژوارە، و قوربانییان بە گشتی پشت بە سندووقی “قوربانییانی تیرۆری دەوڵەتی” لە ئەمریکا دەبەستن. بەڵام ئەم سندووقەش ڕووبەڕووی کەمیی سەرچاوەی دارایی بووەتەوە.
نیک ڕێدیک، لە گرووپی یاسایی نێودەوڵەتی “ویلکی فار و گالاگەر” کە یارمەتیی سکاڵاکارانی ئەم دۆسیەیەی داوە، گوتی: “نزیکەی هەموو سەروەت و سامانی ئێران پێشتر لە لایەن حکوومەت یان لایەنەکانی دۆسییەکانی پێشوو دەستی بەسەردا گیراوە، بۆیە پارە لە هیچ هەژمارێکی بانکیی دیاریکراودا نییە کە بتوانین دەستی بەسەردا بگرین.”

