نەزهەت حالی
سەرکەوتنی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە لە سەرۆک بارزانی ، کاک نێچیرڤان ، کاک مەسروڕ ،ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، گشت کادیر و ئەندام و لایەنگیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە گەلی کوردستان پیرۆز بێت.
پیرۆز بایی لە هەموو کاندیدە دەرچوەکانی پارتی و گشت لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتیان دەکەم،وەکو زۆربەی دڵسۆزانی ئەم گەل و نیشتمانە هیوای ئێمە ئەوەیە لە بەغدا گشت پەڕلەمانتارەکانمان سەر بە هەر لایەنێک بن ، بۆ ئەوەی بتوانن مافی گەلی کوردستان بپارێزن و ئەرکی نوێنەرایەتی گەلەکەیان جێبەجێ بکەن،وەکو یەک تیمی کوردی و کوردستانی پێکەوە کار بکەن. بەهێزی ئێمە لە یەکگرتنمان دایە و یەکگرتنیشمان لە ڕێز لە یەکگرتن و یەکتر قبوڵ کردنمان دایە.
پارتییەکان چاڵێنجی یەک میلیۆن دەنگی کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتیان بە سەرکەوتوانە بەجێ گەیاند، سەرۆکی خۆیان و حزبەکەیان وەکو هەمیشە بەجێ نەهێشت و پارتیان لە لوتکەی هێزە سیاسیەکان هێشتەوە.
لە ئێستادا ئەرکی پارتی وەکو هێزی هەرە گەورەی کوردستان و عێڕاق بەو شەڕعیەتەی کە لە ژمارەی دەنگەکانییەوە بە دەستی هێناوە قورسە،بە تایبەت کە پارتی دروشمی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانی هەڵگرتووە کە دروشمێکی جوان و بەجێیە لە ڕووی بانگەشەوە و لە جێبەجێکردنیشدا زۆر پێویستە بەڵام ئاسان نییە، گەر لە ناو ماڵی خۆمان لەگەڵ یەکتر نەسازێین و هاوبەش نەبین ،لە بەغدا یەکگرتوو و یەکدەنگ ،یەک پلان و وریا و لێزان نەبین.
جێبەجێ کردنی ئەو دروشمە گرنگەی پارتی لە عێڕاقدا سەخت دەبێت گەر پێکەوە نەبین و بەزانایانە کار نەکەین، بە تایبەت کە دەسەڵاتدارنی عێڕاق لە سەر چارەسەر نەکردنی پرس و کێشەکانی گەلی کوردستان و دواخستنیان ڕاهاتوون.
ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە ڕوونی دیار بوو، جەخت کردنەوەیان بوو لە گرنگیدان بە بەغدا و جێبەجێ کردنی دەستور، ئەمەش کارێکی زۆر باش و عەقلانی بوو، گەر پيکەوە و بە پلانی هاوبەش کار لەسەر بەهێز کردنی ڕۆلی کورد لە بەغدا بکەن دەبێتە باشترین پلانی ستراتیژی کوردی بۆ ئەوەی ڕۆلی سەرەکی لە حوکمڕانی عێڕاقدا بگێڕێت و خاوەنداریەتی عێڕاق بکات، مادام لە ئێستادا دەرگای سەربەخۆیی بە ڕووی گەلی کوردستان کراوە نییە.
لە ئێستادا قۆناغی هەرە ئاسان کە پڕۆسەی بانگەشە و دەنگدان بوو بە سەرکەوتوانە تەواو بوو، قۆناغی هەرە سەخت قۆناغی کار کردنی پێکەوەیی و بەدەستهێنانی دەسکەوتەکان و پارێزگاری کردنە لە مافی خەڵک.
بەو هیوایەی بە پلانێکی نیشتمانی و کوردستانیانە نوێنەرانمان لە بەغدا سەرکەوتوو بن و خۆیان لە یەکتر شکاندنی سیاسی بێ مانا بپارێزن ،زۆر پێویستە بزانن ئەوان تەنیا نوێنەری حزبەکەیان نین ، تەنیا نوێنەری ئەوانەش نین کە دەنگیان پێداون ،ئەوان نوێنەری ئەوانەشن کە دەنگیان پێ نەداون و نوێنەری ئەوانەشن کە بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە یا خود دەنگیان پوچەڵ بووە، ئەوان دەنگی خەڵک و نەتەوەیەکن .
خوای مەزن پشتیوانیان بێت.

