zagros news agency

١٦ی ئاب وەک پەیامێکی مێژوویی

 

دکتۆر شەهرام عەلی کەژۆ

 

ئەم ڕۆژە بەشێکە لە بیرەوەری و ناسنامەی سیاسیی ئێمە چونکە لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦دا هەم پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و هەم سەرۆک مەسعود بارزانی لەدایک بوو. ئەو هاوکاتییە، بە درێژایی ساڵان بووە بە پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان ڕابەر و ڕێبازێکدا کە مێژوویان بە مێژووی کوردستانەوە گرێ دراوە.
پارتیمان لە بارودۆخێکی ئاساییدا دانەمەزراوە بەڵکو لە سەردەمێکدا دامەزرا کە کورد لە عێراق مافە سەرەتاییەکانی خۆی نەبوو، دەنگی سیاسیی بە ئاسانی دەخنکێنرا و هەر داواکارییەکی نەتەوەیی بە گومان و دوژمنکاری وەردەگیرا. لەو بارودۆخەدا، دامەزراندنی پارتێکی نیشتمانی تەنها دروستکردنی حزبێکی سیاسی نەبوو، هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە ناوەندی بڕیارداندا هەبێت و خەباتی نەتەوەیی لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوامدا بەڕێوە بچێت.
مێژووی ئەم پارتە پڕە لە ئاوارەیی، شۆڕش، شکستی کاتی، هەستانەوە و قوربانیدان. هەزاران پێشمەرگە و کادر و ئەندام و خێزان، بەشێک لە ژیان و ئارامیی خۆیان بۆ پاراستنی ئەم ڕێبازە داناوە.
ئەمڕۆ پارتی، بۆ ئێمە تەنها حزبێکی هەڵبژاردن و لە دەسەڵات نییە. لە ماڵی زۆرێک لە ئێمەدا، ناوی پارتی پەیوەستە بە بیرەوەریی باوک و باپیرانمان، بە پێشمەرگەیەک کە نەگەڕایەوە، بە دایکێک کە چاوەڕێی کوڕەکەی مایەوە، یان بە خێزانێک کە لەبەر هەڵوێستی نیشتمانیی خۆی ناچار بوو ماڵ و گوندەکەی بەجێبهێڵێت. بۆیە پەیوەندیی خەڵک بە پارتی تەنها پەیوەندییەکی سیاسی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی مێژوویی و سۆزداری و خێزانییە.
لە ناو ئەم مێژووەدا، ژیانی سەرۆک مەسعود بارزانی بە ڕێڕەوی پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانەوە گرێ دراوە. ئەو لە خێزانێکدا لەدایک بوو کە ژیانیان لە خەبات و ئاوارەیی و بەرپرسیارێتی جیا نەبووەوە. لە منداڵییەوە تا ئەمڕۆ، زۆربەی قۆناغە سەخت و هەستیارەکانی مێژووی کوردستانی بینیوە، لە کۆماری کوردستان و ئاوارەیی و شۆڕشەکانەوە تا ڕاپەڕین و دامەزراندنی دەسەڵاتی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆر.
لە ماوەی سەرکردایەتیی ئەودا، کوردستان بە قۆناغی جیاواز و هەندێک جار زۆر مەترسیداردا تێپەڕیوە. لە هەر قۆناغێکدا بڕیارەکان ئاسان نەبوون و هەموو بڕیارێکیش لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی ناوخۆیی، عێراقی و ناوچەییدا دراوە. ڕەنگە هەر کەسێک خوێندنەوەی خۆی بۆ هەندێک لەو بڕیارانە هەبێت، بەڵام ئەوەی ناتوانرێت نادیدە بگیرێت ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی لە قۆناغە چارەنووسسازەکاندا بەرپرسیارێتیی هەڵگرتووە و لە هەڵوێستە سەرەکییەکانیدا پاراستنی ناسنامە و مافی نەتەوەییی کوردی بە بنەما داناوە.
ئێمە کە خۆمان بە بەشێک لەم ڕێبازە دەزانین، شانازی بە ڕابردووی پارتی دەکەین و ئەو قوربانییانەی پێش ئێمە دراون، نابێت تەنها ببنە وێنە و یادەوەری، دەبێت ببنە هۆی ئەوەی بە پاکی و بەرپرسیارییەوە کار بکەین و بەرژەوەندیی کوردستان لەسەرووی بەرژەوەندیی تاکەکەسی و کاتی دابنێین.
ئەمڕۆ، دوای هەشتا ساڵ، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرهەمی خەباتی نەوەیەک نییە، ئەمانەتی چەندین نەوەیە. ئەم ئەمانەتە بە قوربانیی هەزاران شەهید پارێزراوە و بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان گەیشتووەتە ئەمڕۆ. بۆیە پاراستنی ئەو تەنها پاراستنی پارتێکی سیاسی نییە بەڵکوو پاراستنی بەشێکی گرنگە لە مێژوو، ناسنامە و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان.
شانزەی ئاب بۆ ئێمە ڕۆژی پیرۆزبایی‌کردنە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆژی پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی بەڵێنیشە. بەڵێن بە شەهیدان کە خوێنیان بەفیڕۆ نادرێت، بەڵێن بە پێشمەرگە کە قوربانییەکانی لەبیر ناکرێت، بەڵێن بە خەڵکی کوردستان کە خزمەتکردنیان لە سەرووی هەموو ئامانجێک دەبێت و بەڵێن بە نەوەکانی داهاتوو کە کوردستانێکی بەهێزتر، ئازادتر و پێشکەوتووتر بۆیان بەجێ بهێڵین.

لە هەشتایەمین یادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بە ڕێز و وەفادارییەوە سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەندامان و جەماوەری پارتی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.

پیرۆز بێت یادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی.
پیرۆز بێت هەشتا ساڵ خەبات و بەردەوامیی پارتی دیموکراتی کوردستان.بەردەوام بێت ڕێبازی بارزانی و سەربەرز بێت کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕووسیا شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا ئەنجامدا

یاسین

جامی یۆرۆ.. ئیتاڵیا لە دوا خولەک کرواتیای ڕاگرت

یاسین

ئاگادارییه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌وه‌ بۆ هاووڵاتییان

سەڵاح