zagros news agency

سەرۆکی لوبنان: باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا کۆتایی هاتووە و ناچارین دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بکەین

جوزف عون، سەرۆکی لوبنان، ڕایگەیاند کە “باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا کۆتایی هاتووە” و جەختی کردەوە کە لوبنان هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل. ئەم لێدوانانە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وێبسایتی “ئەساس میدیا” ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی تشرینی دووەم، بڵاو کرانەوە.
عون لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کۆتاییهاتنی باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا دەزانن، بەڵام “پێداگری لەسەر کۆتاییهاتنێکی بەڕێز و کشانەوەیەکی شکۆمەندانە دەکەن.” ئەو گوتی: “ئەمە بە تەواوی ئەو شتەیە کە هەوڵی بۆ دەدەین؛ دوور لە گێژاوی سیاسی و پۆپۆلیستی کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بەتایبەت لە بەردەم هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا.”
سەرۆکی لوبنان ڕوونیشی کردەوە کە شیعەکان ماندوو بوون و “چل ساڵە بێ ئاسۆ دەناڵێنن.” ئەو وتی: “موسا سەدر گوتی کاتێک هەمووان بێنە مەیدان، ئێمە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگری لە فەلەستین دەبین؛ بەڵام بە تەنیا شەڕ ناکەین. بەڵکو دانوستان دەکەین. هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە دانوستان. غەززە دوای شەڕێکی وێرانکەر بە تەواوی وێران بوو؛ و ئێستا هەمووان پێکەوە لەسەر مێزی دانوستان دادەنیشن.”
عون ئاشکرای کرد کە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ لوبنان، “قسەی زۆر توندی” بە عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، گوتووە کە “زۆر نیگەرانی کردووە.” ئەو وتی: “پێم گوت شیعەکانی لوبنان بەرپرسیارێتیی منن نەک ئێوە.” عون ئاماژەی بەوە دا کە لاریجانی بەهۆی ئەم قسانەوە “پێیەکانی دەلەرزی” و “نیگەران” کۆشکی سەرۆکایەتیی جێهێشت، دواتر داوای کۆبوونەوەی دیکەی کرد، بەڵام عون ڕەتی کردەوە.
سەرۆکی لوبنان جەختی لەوە کردەوە کە ئەو “بە دوای هیچ دەستکەوتێکی کەسییەوە نییە” و خۆی بە “سیاسەتمەدارێکی جۆری نەریتی” نازانێت، بەڵکو “دەوڵەتمەدارێکە.” ئەو وتی: “دەوڵەتمەداران دوور لە مشتومڕ و گەلکۆیی، ئەو کارە دەکەن کە پێویستە بۆ بنیاتنانی وڵاتەکەیان؛ ئەمە بە تەواوی ئەو شتەیە کە هەوڵی بۆ دەدەم، وڵاتێکی ئاسایی کە تێیدا بە سەربەرزی، کەرامەت، خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن بژین؛ پاشان بیدەینە دەست منداڵ و نەوەکانمان کە شایستەن ژیانێکی باشتر بۆیان دابین بکەین.”
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی سوپا و توانای سنووردارکردنی چەک و جێبەجێکردنی سوێندەکەی، عون گوتی: “بە پشوودرێژی و دووربینی کار دەکەین. بە حیکمەت و ئارامی. هەستیارییەکان تێدەگەین و بە وردبینیی زۆر مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. بەڵام هەموو ئەمانە نابنە ڕێگر لە گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی کە بریتییە لە؛ قۆرخکردنی چەک و قۆرخکردنی بڕیارەکان لە دەستی حکوومەتدا. ئەمە ئەلفوبێی دامەزراندنی وڵاتانە کە بێ ئەوان هیچ وڵاتێک دروست نابێت. ئەم بنەمایانە جێگیرن و ناگۆڕێن؛ دۆخی وڵات دابەش دەبێت بۆ پێش بڕیارنامەی ١٧٠١ و دوای ئەوە، پێش پەیمانی تائیف و دوای ئەوە، پێش دەستوور و دوای ئەوە. یان وڵات دەبین یان لە بنەڕەتدا وڵاتێک بوونی نابێت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ سێناتۆر تێد بەد کۆبووەوە

یاسین

نەخۆشیی کۆلێرا لە کەمپی هۆل بڵاو بووەتەوە

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق دەکات

یاسین