دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆ کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ ناساندنی هەندێک لقی ئیخوان موسلیمین وەک “ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی.”
لە فەرمانە جێبەجێکارییەکەی ترەمپ داهاتووە، ئەو پرۆسەیەی دەستپێدەکەن بریتییە لەوەی هەندێک لە لقەکانی ئیخوان موسلیمین بە ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی دادەنرێن، بەتایبەتی ئەو لقانەی لە لوبنان، میسر و ئوردن هەن.
لە فەرمانەکەدا باس لەوەشکراوە، هەندێک لە لقەکان ئاسانکاریی و توندوتیژیی بۆ تێکدانی سەقامگیریی دەکەن کە زیان بە ناوچەکە و بە هاووڵاتیان و بەرژەوەوندییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت.
هاوکات باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی دانۆن ستایشی ئەم هەنگاوەی کرد لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی “ئەمە بڕیارێکی گرنگە نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل بەڵکو بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێش کە دەیان ساڵە بەدەست ئیخوانی موسلیمین دەناڵێنن .”
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئوردن هەموو چالاکیەکانی ئیخوان موسلیمینی لە وڵاتەکەی قەدەغەکرد و بارەگاکانیانی داخست و دەستی بەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا گرت.
هاوکات میسریش ئەو کۆمەڵەیەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، لە ساڵی 2013ەوە لە گۆڕەپانی سیاسی دووری خستووەتەوە، دوای ئەوەی کودەتا بەسەر محەممەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسردا کرا و عەبدولفەتاح سیسی هاتە جێگەی.

