کارکردن لە سایلۆی هەڵەبجە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و بڕیارە ساڵی داهاتوو بە تەواوی بکەوێتە کار.
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە بە گوژمەی (27 ملیار و 500 ملیۆن دینار) جێبەجێ دەکرێت و بە یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵی ناوچەکە دادەنرێت.
پڕۆژەکە توانای هەڵگرتن و عەمبارکردنی 40 هەزار تۆن دانەوێڵەی هەیە، ئەمە جگە لەوەی 10 کۆگای گەورەی تایبەت بە عەمبارکردنی خۆراک لەخۆدەگرێت، کە ڕووبەری هەر یەکێکیان هەزار و 200 مەتر دووجایە.
کاوە حیکمەت، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ڕایگەیاندووە: “سایلۆی هەڵەبجە ئێستا قۆناغێکی باشی بڕیوە و 80%ی کارەکانی تەواو بووە، و بۆ ساڵی داهاتوو کارەکانی بە یەکجاری تەواو دەبن.”
بە تەواوبوونی ئەم سایلۆیە، جوتیارانی پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری وەک گەرمیان و دەشتی شارەزوور، سوودێکی زۆری لێ وەردەگرن بۆ ساغکردنەوە و پاراستنی بەرهەمی دانەوێڵەکانیان، کە ئەمەش بەشێکە لە پلانی کابینەی نۆیەم بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.

