zagros news agency

ئاگادارکردنەوەی بەرگریی ئاسمانیی پۆڵەندا بە هۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا

 

ڕۆژی هەینی، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە هۆی فڕینی چوار فڕۆکەی جەنگیی ڕووسیی لە جۆری میگ-٣١ بە ئاراستەی سنووری ڕۆژئاوای ڕووسیا، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی بەرگریی ئاسمانیی پۆڵەندا چالاک بوو. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا و هەروەها یەکەکانی سوپای ئەڵمانیا، کە لە پۆڵەندا جێگیر کراون، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان بخەنە ئاستی باڵای ئامادەباشییەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ناتۆ، دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەڵمانی لە فڕۆکەخانەی شارۆچکەی ژیشۆڤ لە پۆڵەندا چالاک کران. ئەم فڕۆکەخانەیە بە ڕێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی زۆربەی هاوکارییە سەربازییەکانی ڕۆژاوا بۆ ئۆکرانیا دادەنرێت. سەربازانی هێزی ئاسمانیی ئەڵمانیاش بەشدارییان لەم کاردانەوەیەدا کردووە. پاش ماوەیەک، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا ئاراستەی خۆیان گۆڕی و گەڕانەوە.

وتەبێژێکی هێزی ئاسمانیی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە “ڕۆژی هەینی چەند چالاکییەک لە نێو ئاسمانی ڕووسیادا ڕوویان دا و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی جێگیر کراو لە پۆڵەندا، بە دوو سیستەمی پاتریۆتی هێزی ئاسمانیی ئەڵمانیشەوە، کاردانەوەیان نیشان دا.”

پێشتر هەریەک لە ئیستۆنیا و ڕۆمانیا، کە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆن، هەواڵی هاتنە نێو ئاسمانی وڵاتەکانیان لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان فڕۆکەی سەربازیی ڕووسییەوە ڕاگەیاندبوو.

هەروەها مۆڵدۆڤا کە لەگەڵ ئۆکرانیا هاوسنوورە، ئێوارەی هەینی بە هۆی بینینی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بۆ ماوەیەکی کاتیی ئاسمانی خۆی داخست. وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند، پاش فڕینی نایاسایی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو بەسەر خاکی مۆڵدۆڤادا و دروستکردنی مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەلامەتیی فڕینەکان، ئاسمانی ئەم وڵاتە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و دە خولەک داخرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو فڕۆکانە لە جۆری ژێربێرا بوون و سیستەمی ڕادار نەیتوانیوە بیانناسێتەوە، بەڵام هاتنە نێو ئاسمانی وڵاتەکە لە لایەن سنوورپارێزانی ئۆکرانیاوە پشتڕاست کراوەتەوە. وەزارەتی بەرگریی مۆڵدۆڤا ئاشکرای کرد کە هەردوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ئاسمانی ئەم وڵاتەیان جێهێشتووە و چوونەتە نێو خاکی ئۆکرانیا.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی: کاریگەری شەپۆلی باران و بەفر بارین لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامی دەبێت

یاسین

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند

سەڵاح

فیلیک لەسەر هەڵەی گارسیای بەرامبەر ڕیاڵ ئۆڤیەدۆ قسە دەکات.. و ڕایدەگەیەنێت: ڕیاڵ مەدرید قەرزاری ئێمەیە

یاسین