zagros news agency

پێگەی کورد لە عێراقى داهاتوودا

بەهرە محەمەد

کورد لە عێراقی داهاتوودا لە دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت لە بەردەم زۆر ئەگەری سەخت دایە ، لە دروست بوونی حکومەت و وەرگرتنی پشکی کورد لە حکومەتی داهاتوو سەرەتای کارەکانە و دواتر ململانێی ناو پەرلەمانی داهاتووی عێراق ئەمەش بۆ کورد گرفتێکی گەورەیە بە تایبەت بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندان چونکە لەم خولەی پەرلەماندا ژمارەیەکی زیاتری نەیاری کورد چونەتە پەرلەمان و هەڵوێستی هێزە سوننیەکانیش گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە لە بەرامبەر مافەکانی کورددا چونکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕوونی ئەوەمان بینی کە سوننەکان ئامانجیان بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمارە ، جگە لەمانەش هێشتا زۆر کێشەی تر ماون کە بۆ کورد گرفتن لە ڕووی چارەسەرکردن وەک تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە و دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و تا دەگاتە هەموارکردنەوەی دەستوور .
بۆیە دەبێت وەک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکانیدا ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگدا و داوای کرد کورد هەموویان بە پاسێک و یەک تیم لە بە غدابن و کار بکەن ، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی هەرێم بکەن چونکە ئەوە سەلمێنراوە کە کورد بە یەک هەڵوێستی و یەک گروپی لە ڕابردوودا زۆر دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە ،
نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم وەک سەرکردەیەکی بە ئەزموون و شارەزا لە سیاسەت و دیبلوماسی نێودەوڵەتی کە لە هەمووان زیاتر شارەزای هەیە لە کاروباری عێراق و ناوچەکە ، هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردی لەو مەترسیە ئاگادار کردەوە کە پەرتەوازەی و لێک دووربوونی هێزەکان لە پەرلەمانی عێراق و بەرامبەر بە هێزە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان لە بەرژەوەندی کورد و خەڵکی کوردستاندانیە و لە و پەرتەوازەییەی کورد لە بەغدا خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی یەکەمە ،چونکە نەیارانی کورد سود لەو پەرتەوازەییە وەردەگرن و زیاتر دەتوانن پێشێلکاری بەرامبەر بە مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بکەن .
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان و ڕێگریکردن لەپێشێلکاریکردن بەرامبەر مافەکانی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدای کردوەو لە گەڵ حکومەت و هێزەسیاسیە باڵادەستەکانی پێکهێنەری حکومەت کۆبووەتەوەو ئەوەی بە لایەنەکان گوتووە کە دەبێت هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت لەڕێگەی دەستورەوە چارەسەر بکرێن ، جگەلەمەش نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم ڕۆڵێکی کاریگەری گەورەی هەبووە لە ڕێگریکردن لە لێدان لە پێگەی هەرێم و بچوککردنەوەی پێگەی هەرێم و چارەسەرکردنی چەندین کێشەی گەورە لە نێوان هەرێم و بەغدا دوایینیان کێشەی ناردنە دەرەوەی نەوت و ناردنی مووچەی فەرمانبەران ،
ئەوەی کێشەی گەورەیە لە عێراق کە دەبێت هێزە کوردیەکان بە وردی لێی تێبگەن ئەوەیە کە حکومەت و دەسەڵاتی بەغدا لە کاتی کارکردن بە دەستور ئەوان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و لێدان لە پێگەی هەرێم تا ئێستا کار بەو یاسا و ڕێنماییانە دەکەن کە لە سەردەمی ڕژێمی به عس بوونیان هەبووە و کاریان پێکراوە بە تایبەتی لە پرسی داهات و باڵادەستی ناوەند و بریاری تاک لایەنەی بە غدا بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور .
هەموو هێزە کوردیەکانیش لەوە تێگەیشتوون و دەزانن کە حکومەتی بەغدا چەندین خاڵی دەستووری پێشێلکردوەو بۆ زۆربەی پرسەکانیش ناگەڕێتەوە بۆ دەستورو زیاتر بڕیاری تاک لایەنە دەدرێت لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەی ناوخۆی عێراق .
بۆیە ئەگەر کورد لەو قۆناغەدا یەکگرتوو و یەک هەڵوێست نەبێت ئەوا زەرەرمەندی یەکەم خەلکی کوردستان دەبێت بۆیە ناکرێت هێزە کوردستانیەکان کە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەوەش تێگەیشتوون کە بە پەرتەوازەیی ناتوانن هیچ دەسکەوتێکیان هەبێت ، دەبێت یەکگرتوو یەک هەڵوێست ویەک دەنگ بن بەرامبەر بە هێزە عێراقیەکان لە ناو خۆی پەرلەمان و لە حکومەتدا،
وەک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم هیوای بۆخواست کە خواست و ویستی هەموو کوردێکە کە داوا دەکەن کورد لە بەغدا یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بێت لە هەرێمیش پاڵپشتی ئەو نوێنەرانە بن کە لە بەغدا بوونیان هەیە ،
چونکە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان ئەوەمان بینی کە چەندین جار ڕێکەوتن کراوە لەسەر کێشەیەک لە نێوان حکومەتی هەرێم و بە غدا بەلام لە پەرلەمان هەوڵدەدرا دەسکاری ڕێکەوتنەکە بکرێت و بە خواستی ئەوانەوە دەنگی لەسەر بدرێت.
بەبۆچوونی من و هەموو کوردێک لە داهاتوودا ئەرکی نوێنەرانی کورد لە بە غدا زۆر گران و پڕ لە ماندووبون و سەختی دەبێتەوە چونکە هەموو لایەنێک هەست بە بونی گۆڕانکاری گەورە دەکرێت لە نەخشەی سیاسی لە عێراقدا بۆیە کورد لەم گۆڕانکاری و دروست بوونی حکومەتی داهاتوو بە یەک هەڵوێستی و یەکگرتووی دەتوانێت گوزارشت لە بەدیهێنانی مافەکان و بەرگری لە پێگەی کورد بکات لە عێراقی داهاتوو،
کورد شانسی باشی هەیە چونکە لە سەرئاستی نێودەوڵەتی دۆست و بەرگریکاری گەورەی هەیە، ئەمەش بەهەوڵ و ماندووبوونی سەرکردایەتی کورد دروست بووە ، توانراوە لە زۆر ڕووداوی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کورد گەمەکەری سەرەکی بێت بە تایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەکان و پیشاندانی نمونەیەکی جوانی پێکەوە ژیان لە ناوچەکەدا ، لە چەندین ڕووداویش دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هێزی فشارو بەرگریکار بوونە لە پاراستنی پێگەی هەرێم و فشارکردن لە حکومەتی عێراق بۆ پێدانی مافە دەستووریەکانی هەرێم .
ئەم پاڵپشتیەی هەرێم لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ هەوڵی سەرکردایەتی کورد و خودی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە کە بە بوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆتە کاراکتەرێکی گەورەی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەچەندین کێشەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەوڵەتانی بیانی ڕێز لە تێروانینەکانی وەردەگرن و بۆچونەکانی بە هەند وەردەگیرێن بە تایبەت بینیمان لە پرسی چارەسەری لە سوریا لە لایەن نوێنەری ئەمەریکا و خودی سەرۆک ترامپ و وەزارەتی دەرەوە سوپاس کرا بۆ ئەو هەوڵانەی کە داویەتی لە پرسی ئاشتی و چارەسەری کێشەکان لە ڕۆژدەلاتی ناوەڕاست ، لەسەرداوای خودی سەرۆکی هەرێمیش چەندین جار سەرۆکی وڵاتان لە پەیوەندی دابوون لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پێدانی مافی هەرێم و ڕێزگرتن لە سەروەری هەرێمی کوردستان ،
لە کۆتایدا هیوادارین هێزە سیاسیەکان و نوێنەرانی کورد بە پاسێک بچنە بەغداو یەکگرتوو یەک هەڵوێست بن لە پێناو بەدیهێنانی مافە دەستووریەکانی هەرێم.

هەواڵی پەیوەندیدار

ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات 5

hakar herki

هەرێمی کوردستان لەناو هاوکێشە سیاسی و پەیوەندیە دیبلوماسی وئابوریەکانی جیهان و ئەمریکا

یاسین

مەسروور بارزانى هەوێنى ئاشتى وئاسایش و سەرکەوتنى دیپلۆماسى

سەڵاح