zagros news agency

هەژدە کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

 

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕای گەیاند کە لە دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی بادیی هەڵگری پەناخوازان لە باشووری دوورگەی کریت، ١٨ کۆچبەر گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٦ی کانوونی یەکەم سەرەتا کەشتییەکی بارهەڵگری تورکی بەلەمە بادییە نیمچە ژێرئاوکەوتووەکەی بینیوە و بەرپرسانی یۆنانی ئاگادار کردووەتەوە. پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕای گەیاند کە تەنیا دوو سەرنشینی ئەم بەلەمە نیمچە ژێرئاوکەوتووە ڕزگاریان بووە کە باری جەستەییان ناجێگیرە و خراپە. دەگوترێت کە پەناخوازان بەبێ ئاو و خواردن و پاراستنی پێویست لە دەریای کراوەدا سەرگەردان بوون و کۆنترۆڵی بەلەمەکەیان لە دەست دابوو.
تەرمەکانی قوربانییەکان بۆ پشکنینی پزیشکی و ناسینەوە گواستراونەتەوە بۆ بەندەری ئیراکلیۆن لە کریت. هێشتا ناسنامەی سەرنشینانی بەلەمەکە دیار نییە، بەڵام لە مانگەکانی ڕابردوودا گەیشتنی پەناخوازان لە لیبیاوە بۆ کریت زیاد بووە.
یۆنان یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی چوونەژوورەوەی پەناخوازان بۆ یەکێتیی ئەورووپا کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیاوە هەڵدێن. ڕێڕەوی دەریای ناوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێڕەوەکانی کۆچبەری لە جیهاندا هەژمار دەکرێت. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار پەناخواز لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل: ئێران بێگومان بۆ تۆڵەسەندنەوە هێرش دەکات

یاسین

د. ئەشواق جاف، بەربژێری ژمارە ١ی بازنەی سلێمانی: پاراستنی قه‌واره‌ی كوردستان به‌پارتی ده‌كرێت

یاسین

سووریا ڕێژەی هاوردەکردنی کەرەستەی خۆراکی بەرزکردووەتەوە

یاسین