zagros news agency

شەش وڵاتی عەرەبی لە پێشەنگی گەورەترین گرێبەستەکانی وزەی نوێبووەوەن لە ساڵی ٢٠٢٥دا

 

وڵاتانی عەرەبی و لە سەروویانەوە عێراق، سعوودیە و ئیمارات، لەگەڵ میسر، سوڵتاننشینی عومان و بەحرەین، لە ماوەی ئەمساڵدا بازدانێکی بەرچاویان لە پڕۆژەکانی وزەی خۆر، با و کۆگاکردنی وزەدا تۆمار کردووە.

 

بەگوێرەی پلاتفۆرمی “الطاقة”، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەمساڵ، هەیمەنەی وڵاتانی کەنداو بەسەر لیستی گەورەترین گرێبەستەکانی وزەی نوێبووەوە لە ساڵی ٢٠٢٥دا چەسپاوە.

 

گەورەترین گرێبەستەکانی وزەی نوێبووەوە لە ساڵی ٢٠٢٥ بەم شێوەیەن:

 

یەکەم: عێراق.. پڕۆژەیەکی زەبەلاحی وزەی خۆر

عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا توانی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی “ئەمریکی-بەریتانی” واژۆ بکات بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی زەبەلاحی وزەی خۆر بە توانای ٣ هەزار مێگاوات، لەگەڵ سیستەمی کۆگاکردن بە توانای ٥٠٠ مێگاوات، و هێڵەکانی گواستنەوەی “HVDC” کە ١٠٠٠ کیلۆمەتر درێژ دەبنەوە. ئەم پڕۆژەیە توانای عێراق بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی بەردین بەهێز دەکات.

 

دووەم: سعوودیە.. ٤ گرێبەستی وزەی با و خۆر

سعوودیە بە گەورەترین گرێبەستی کۆگاکردنی کارەبا لەسەر ئاستی جیهان هاتە ناو لیستەکەوە، ئەوەش دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان کۆمپانیای کارەبای سعوودی و کۆمپانیای “BYD”ی چینی بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیای کۆگاکردن بە توانای ١٢.٥ گێگاوات/کاتژمێر. هەروەها ڕێککەوتنی بۆ ٧ پڕۆژەی تری وزەی نوێبووەوە بە توانای ١٥ هەزار مێگاوات واژۆ کردووە کە بەهای وەبەرهێنان تێیاندا ٣١ ملیار ڕیاڵ تێدەپەڕێنێت.

 

سێیەم: ئیمارات.. ٣ گرێبەستی دروستکردن و کڕینەوە

کۆمپانیای “مەصدەر”ی ئیماراتی یەکەم پڕۆژەی دەستپێکرد کە تێکەڵەیەکە لە وێستگەی وزەی خۆر و پاتری کۆگاکردن کە ٢٤ کاتژمێر کار دەکات. هەروەها کۆمپانیاکە تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای “تێرنا ئێنێرجی” یۆنانی کڕییەوە و خاوەندارێتی خۆی گەیاندە ١٠٠٪.

 

چوارەم: میسر.. وێستگەی با و کارگەی پەڕەی وزەی خۆر

دروستکردنی وێستگەیەکی وزەی با بە توانای ٥٠٠ مێگاوات لە کەنداوی سوێس بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای “سیمێنس گامێسا”ی ئەڵمانی. ئامانج لێی گەیاندنی پشکی وزەی نوێبووەوەیە بۆ ٤٢٪ تا ساڵی ٢٠٣٠ لە میسر.

 

پێنجەم: عومان.. ١٣ گرێبەست لە یەک کۆنفرانسدا

لە میانی کۆنفرانسی نەوت و وزەی عومان، ئەم وڵاتە گرێبەستی بە بەهای ٧٦٩ ملیۆن ڕیاڵ (٢.٢ ملیار دۆلار) بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی کارەبا لە سەرچاوە پاکەکان واژۆ کرد.

 

شەشەم: بەحرەین.. گەورەترین وێستگەی وزەی خۆر لەسەر سەربان لە جیهاندا

بەحرەین هاتە ناو لیستەکە لە ڕێگەی پەرەپێدانی گەورەترین وێستگەی وزەی خۆری سەر سەربان لە یەک شوێندا لەسەر ئاستی جیهان، بە توانای ١٢٣ مێگاوات. پڕۆژەکە پێکهاتووە لە دانانی ٧٧ هەزار پەڕەی وزەی خۆر لەسەر ڕووبەری ٢٦٢ هەزار مەتر دووجا، کە ساڵانە ٢٠٠ ملیۆن کیلۆوات/کاتژمێر بەرهەم دەهێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند بڕیارێک دەردەکات

یاسین

مان سیتی سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا

یاسین

سبەی نزیکەی ١٦ هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت

سەڵاح