zagros news agency

راوێژکاری سوودانی: هێزە چەکدارەکانمان بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد وەردەگرنەوە

 

حوسێن عەلاوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا هێزە چەکدارەکانی عێراق بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار وەردەگرنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە حکوومەت پابەندە بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەژێر رۆشنایی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیدا، هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دۆست بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.

عەلاوی راگەیاند: “دوای رێککەوتنی حکوومەتی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانان لە ئەیلوولی ٢٠٢٤، بەپێی راگەیەندراوە هاوبەشەکە، کارکرا بۆ جێبەجێکردنی ئەوە لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ لەڕێگەی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکان و گۆڕینی پەیوەندییەکان بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی لە قۆناغی یەکەمدا.” روونیشیکردەوە کە “هێزە چەکدارەکانمان بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار وەردەگرنەوە، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکان و رۆیشتنی نێردەی هاوپەیمانی لە چەند رۆژی داهاتوودا و لەگەڵ سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦.”

ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەمە لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکان و گۆڕینی پەیوەندییەکانە بۆ ئاستی دووقۆڵی، هەروەها کارکردن بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری دووقۆڵی هاوبەش لە بواری ئەمنیدا، بەئامانجی بەهێزکردنی هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەڕێگەی بنیاتنانی تواناکان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەنجامدانی مەشقی هاوبەش.”

ناوبراو گوتیشی: “ئەم هەنگاوە کۆتایی بە وەرزێکی گەورەی قۆناغی شەڕی دژی گرووپه تیرۆریستییەکانی داعش دێنێت کە ١١ ساڵ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام بوو بۆ رزگارکردنی پارێزگاکان لە تیرۆر، کە لەسەر دەستی هێزە چەکدارەکانمان و بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧ تێکشکا.”

جەختیشی کردەوە: “حکوومەتی عێراق کار دەکات بۆ تەواوکردنی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە قۆناغی دووەمیدا لە ئەیلوولی ٢٠٢٦، کە پەیوەستە بە هەولێرەوە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە حکوومەت پابەندە بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، هەروەها کارکردن بە هەمان ئاراستە لەگەڵ بەریتانیا، ناتۆ و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا (لە پێشەنگیاندا فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا) لە بواری بنیاتنانی تواناکان و پڕچەککردن و مەشقکردن، بەتایبەت پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانی سوپا، بەرگری ئاسمانی، ئاسایشی سایبەری و هێزی دەریایی بۆ پاراستنی ئاوە هەرێمییەکان و کێڵگە نەوتییەکان و بەندەرەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بۆ زاگرۆس: پرسی مووچه‌ به‌ پینه‌وپه‌رۆ ناكرێت ده‌بێت به‌ڕیشه‌یی چاره‌سه‌ر بكرێت

یاسین

نوێترین زانیاری لە بارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە روو

یاسین

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى بازرگانيى عێراق تاوتوێى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كه‌ن‌

سەڵاح