بەهرە محەمەد
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی گرنگی پێشکەشکرد ، کە خوێندنەوەو قسەی زۆر هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی لەبارەیەوە بدوێین ، لەسەرەتای گوتارەکەی بە پیرۆزبایی کردن لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەستپێکرد و پیرۆزبای لە خەڵکی کوردستان و عێراق کرد ، ئەمە وەک بیروباوەڕێک و ئاماژەدانێک بە ناوی شەهیدان و پشمەرگە
کە ئامانج لە باسکردنیان وەک ئەوەیە کە ئەم هەرێمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە کە هەزاران قوربانی و فیداکاری بۆ دراوە ، لەگەڵ بەردەوامی خەبات و جانفیدایی پێشمەرگە وەک هێزی یەکەمی قوربانیدان و پاراستنی کوردستانە ئەمە ئەو پەڕی مانەوەی خەبات و قوربانیدانی ئەم دوو توێژەیە لە دیدی نێچیرڤان بارزانی ، لە پاڵ گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی چەندین پەیامی گرنگی تێدابوو کە دەبێت باس بکرێت و لە کۆمەڵگەی کوردی و ساحەی سیاسی کوردستان بەگرنگەوە لێی بڕوانرێت ،
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بە یەکڕیزیی و یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە کارکردنی هەمووان دەکات بۆ ئەوەی مافەکانی کورد و هەرێمی کوردستان بەدی بێت ، مەبەست لەو گوتانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە دانە بە یەکڕیزی لایەنەکان و یەکتر قبوڵکردن بۆ ئەوەی هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان پێکەوە کار بۆ سەرکەوتنی ئەم هەرێمە بکەن و بتوانن یەکڕیز بن لە بەرامبەر نەیارو ئەوانەی دژی مافەکانمانن ، ئەم پەیامە بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکانە و جۆرێک لە بیرخستنەوەیە بۆ ئەوەی بەیەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن و هەمووان وەک یەک تیم کار بکەن لە پێناو سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە و پاراستنی هەرێمی کوردستان کە ئەرکی هەموو لایەنێکە کار بۆ ئەم پڕۆژەیە بکات ولەپێناویدا خەبات بکات ، جگە لەمەش ئەم پەیامە ئاماژەدانە بە پەرتەوازەیی لایەنەکان لە بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم کە بە پەرتەوازەیی و لەیەکتر دووربوون و دژایەتی کردنی یەکتری لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک و هەرێمی کوردستاندا نیە ، لە بەشێکی تر گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بە پێکەوە ژیانی هەموان دەکات کە هەرێمی کوردستان ناوەنێکی گەورەی ئەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە پێکەوەژیانی هەموو ئاین و نەتەوەکانی لە خۆ گرتوو بە بێ جیاوازی و هەستکردن بە بوونی تەگەرە و گرفت و نەبوونی مافەکانیان لەم هەرێمە بە بوونی پێکەوە ژیانی نەتەوەو ئاینەکان ڕوخسارێکی جوانی بەم هەرێمە بەخشیووە لە دنیای دەرەوەدا کە زۆر جار لە ناوەندە جیهانیەکان و سەرۆک و کەسایەتیە گەورەو کاریگەرەکان باسیان کردوە ، نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست ئەم پێکەوە ژیانە لە نێو هێزە سیاسیەکان ڕەنگبداتەوە و هەمووان بە پێکەوە بوون کار بۆ بەدیهێنانی مافە دەستووریەکان بکەن لە عێراقی داهاتوودا لێرەدا نێچیرڤان بارزانی کە باسی لە مافە دەستووریەکان کرد پێی وایە ئەگەر بە پێی دەستوور لە عێراقدا کاربکرێت و دەستوور جێبەجێ بکرێت ئەوا مافی هەرێمی کوردستان تێیدا جێگیرکراوەو هەرێمیش لە جێبەجێکردنی دەستوەر ئاسودە و ڕازیە ، بەڵام ئەوەی بیرهێناینەوە کە دەبێت هەموو هێزە سیاسیەکان پێکەوە کار بکەن و ببنە هێزێکی کاریگەر بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتووی عێراق دەستوور جێبەجێ بکات و مافی هەموان بە پێی دەستوور بدرێت ،
پەیامێکی تری گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی داواکردن بوو بەوەی کە دەبێت ناکۆکیەکان بخەنەلاوە و کاتی ئەوە هاتوە یەکڕیزی باڵادەست بێت لە نێو هەموو لایەنەکاندا ،
دەکرێت هەمووان چ هێزە کوردستانیەکان لە ناوخۆی هەرێم و هێزە عێراقیەکان لە دەرەوەی هەرێم بە گرنگەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو گوتارو پەیامەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بکەن چونکە بە جێبەجێکردنی ئەو پەیامە هەمووان سوودمەند دەبن وەک هێزی سیاسی و هەم هەرێم و هەمیش عێراق دەکەونە دۆخێکی تازەی پێکەوە کارکردن بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر .
نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکێکی بە ئەزموون و شارەزە لە ئیدارەکردنی حوکمڕانیکردن ، ئەو باش دەزانێ داهاتووی هەرێم بەندە بە یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە کارکردن چونکە ئەم هەرێمە زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بەم کارکردنە هەیە بۆ ئەوەی داهاتوومان باشتر بێت لە ڕابردوودا ، بە پێچەوانەشەوە لە یەکتر دووربوون و قبوڵنەکردنی یەکتری و بە تەنها کارکردن و هەستنەکردن بە بەرپرسیاریێتی لەم قۆناغە ، ئەوا مەترسی گەورەمان ڕووبەڕوو دەبنەوە و فشاری زۆرتر ڕووبەڕوومان دەبنەوە کە دواجار لە زەرەری هەمووان کۆتایی دێت و هەرێم و خەڵکەکەشی قوربانی ئەم هەڵوێستە دەبن ،
نێچێرڤان بارزانی چ وەک سەرکردەیەکی حزبی لە پێگەیەکی باڵاو چ وەک سەرۆکی هەرێم بەردەوامی هەوڵی جدی داوە بۆ ئەوەی نێوانی لایەنەکان لە یەکتر نزیک بێت و بەردەوامیش لە خەمی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردستان بووە ، خەباتی زۆریشی کردووە بۆ مانەوەی هەرێم و پێشکەوتنی پێگەی کورد لە جیهانی دەرەوە و ناوەوەی هەرێم و ڕۆڵێکی گەورەو مەزنیشی گێڕاوە لە بنیاد نانی ئاشتی و نەهێشتنی مەترسیەکان لەسەر هەرێم و کورد وەک نەتەوەیەکی دابەشکراو ماف خواروو بوونی مەترسی بەردەوامی لەناوچون لە پارچەکانی تری کوردستان .
ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە دەبێت سەرجەم هێزە سیاسیەکان بەدەم ئەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانی بچن بۆ ئەوەی ساڵی نوێمان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنەکان بەڕێ بکەین و هەمووان لە ئاست پاراستنی پێگەی کورد و مافەکانی وەک یەک تیم کار بکەین بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش شانازی زیاتر بە داهاتوو بکەن .

