zagros news agency

ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە نووسەر و ئەكادیمیست عەبدوڵڵا خدر مەولوود بەڕێوەچوو

ئێوارەی سێشەممە، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و  ژمارەیەکی بەرچاو  لە نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان و هاوڕێ و هەڤاڵانی، لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو، لەبارەگای یەكێتی نووسەرانی كورد لە هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا خەڵاتی ڕێزلێنان و قەڵغان بە  نووسەر و ئەكادیمیست پ. د. عەبدوڵڵا خدر مەولوود بەخشرا .

ڕێورەسمەكە، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وێژەیی هەولێر ڕێكخرابوو، فەرهەنگ غەفوور، بە نوێنەرایەتی پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، وێڕایی پیرۆزبایی، ڕۆڵی مێژوویی و کار و بەرهەمەکانی نووسەر و ئەكادیمیست د. عەبدوڵڵا لە نێوەندی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا بەرز نرخاند، کە ناوبراو وەك نووسەر و مامۆستایەكی زانكۆ خاوەن دنیابینی تایبەت بە خۆیەتی و بە درێژایی نزیکەی نیو سەدە لە بواری لێكۆڵینەوەی شیعر دا ناوێکی دیارە بووە و خاوەنی  قەڵەمێکی بە بڕشت و جوان و دەیان کتێب و توێژینەوەی ئەدەبی و چەندین کتێب و ڵێكۆڵینەوەی زانستی لە بارەی شیعری شاعیرانی گەورەی كورد بڵاو کردۆتەوە، كە ئەمڕۆ وەك سەرچاوەی زانستی لە زانكۆكان دەخوێندرێت و هێشتاش بەردەوامە، بەناوی پارێزگاری هەولێر، هیوای تەندروستی و لەش ساغی و تەمەن درێژی بۆ خواست.

لەكۆتایشدا خەڵاتی رێزلێنان و قەڵخانی پارێزگاری هەولێر پێشکەش بە دكتۆر عەبدوڵڵا خدر كرا و لەلایەن بەشێك لە ئامادەبووانیشەوە چەپكە گوڵی ڕێز و وەفا پێشكەشی كرا و كۆتایی بە ڕێورەسمەكە هێنرا.

د. عەبدوڵا خدر مەولوود، نووسەر و مامۆستای خانەنشینی زانكۆ، لە 1950 لە شاری هەولێر لەدایك بووە، لە 1969ەوە بەرهەمەكانی بڵاو كراونەتەوە، پێنج بەرهەمی چاپكراوی لەسەر نالی شاعیر هەیە و تاكو ئێستا 26 بەرهەمی چاپكراوی هەیە، چەند كتێبێكی تریشی لە قۆناغی ئامادەكردنن بۆ چاپ و چەند بەرهەمێكیشی وەك مەنهەج لە زانكۆ دەخوێندرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەفسانە شەڕکەرانی سەرشەقام دەگەڕێنەوە و ناوی ئەکتەرە بەشداربووەکان ئاشکرا کرا

ART

کاترین ئۆهارا لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

ART

داهاتی “Madame Web” لە سینەماکاندا

ART