سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر چەندین ئامانجی سەر بە حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان.
ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان بڵاوی کردەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نیوەڕۆژی دووشەممە کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانیی توندیان ئەنجام داوە و ناوچەی نێوان هەردوو شارۆچکەی “ئەنسار” و “زەرارییە”یان کردووەتە ئامانج.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستە ڕوو فڕۆکەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک مووشەکی قورسیان تەقاندووە، بە جۆرێک دەنگی بەهێزی تەقینەوەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بیستراوە و بەرزبوونەوەی دووکەڵێکی چڕی بەدوادا هات.
سەرەڕای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ـەوە، ئیسرائیل بە تۆمەتبارکردنی حیزبوڵڵا بە بەهێزکردنی توانای سەربازیی خۆی، بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ناوچە جیاوازەکان، بەتایبەتی باشووری لوبنان. هەروەها ئیسرائیل لە پاشەکشەکردن لە پێنج گردی لوبنانی کە دەڕوانن بەسەر هەردوو وڵاتدا، خۆی بەدوور گرتووە.
حکوومەتی لوبنان پڕۆژەیەکی پەسەند کردووە بۆ سنووردارکردنی چەک بە دەست هێزە ئەمنییەکانەوە و سوپای ئەو وڵاتە قۆناغی یەکەمی ئەم ئەرکەی جێبەجێ کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە لوبنانییەکان، هێزەکانی سوپا لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری ڕووباری “لیتانی” جێگیر بوون، بەڵام ئیسرائیل ئەم ڕێوشوێنانەی سوپا بە “بەشی نەکردوو” دەزانێت و بانگەشەی ئەوە دەکات حیزبوڵڵا لە حالەتی بنیاتنانەوەی تواناکانی خۆیدایە.
هەواڵی داهاتوو

