رۆژی دووشەممە ١٩ی ١ی ٢٠٢٦، لە هۆڵی رۆشنبیری لە هەولێر، رێوڕەسمێک بۆ دەستاودەستكردنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لەنێوان فەرهەنگ غەفوور، وەك بەڕێوەبەری پێشوو و سیروان عوسمان، وەك بەڕێوەبەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بەڕێوە چوو.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاریان سەڵاحەددین، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی و هونەرمەندان و ژمارەیەك لە میوانان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکە پارێزگاری وتارێكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر رۆڵ و جێپەنجەی فەهەنگ غەفوور لە ماوەی كاركردنی وەك بەڕێوەبەری گشتی و سوپاسی هەوڵ و كۆشش و خەمخۆرییەكانی كرد، هەروەها پیرۆزباییشی لێ كرد بۆ پۆستی نوێی وەك راوێژكار لەناو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان. ئینجا پیرۆزبایی لە سیروان عوسمان كرد وەك بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و هیوای سەركەوتن لە ئەركەكەی بۆی خواست و ئامادەیی خۆشیانی وەك پارێزگای هەولێر بۆ هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵیدا دەربڕی.
دواتر بئاریان سەڵاحەددین، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان وتەیەكی پێشكەش كرد و سوپاسی خزمەتە زۆرەكەی فەرهەنگ غەفووری كرد و پیرۆزبایی ئەركی نوێیشی لێ كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها پیرۆزبایی لە سیروان عوسمان وەك بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر كرد و هیوای سەركەوتن لە كارەكانی بۆ خواست و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ دووپات كردەوە.
ئینجا فەرهەنگ غەفوور لە وتەیەكیدا سوپاسی هەموو ئامادەبووان و هەموو ئەوانەش كرد كە لە ماوەی رابردوودا پێكەوە كاریان بۆ باشتركردنی بواری هونەر و رۆشنبیری كردووە لە هەولێر و هیوای سەركەوتنیشی بۆ سیروان عوسمان وەك بەڕێوەبەری نوێ خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا.
سیروان عوسمان لە وتەیەكدا وێڕای سوپاسی بۆ تەواوی ئامادەبووان و پاڵپشتییەكانی حكوومەت و پارێزگار و وەزارەتی رۆشنبیری و ستافی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەڵێنیشی دا بە هەموو توانایەوە و بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەك خزمەتی پرسی هونەر و رۆشنبیری بەگشتی و هونەرمەندان و رۆشنبیران لە هەولێردا بكات.
هەر لەو رێوڕەسمەکەدا، هەریەك لە پارێزگاری هەولێر و بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دیاری رێزلێنانی تایبەتیان پێشكەش بە فەرهەنگ غەفوور كرد لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی كردوویەتی. هەروەها چەندین چەپكەگوڵ لەلایەن بەڕێوەبەری بەشەكان و بەرپرسان و فەرمانبەران و ئامادەبووان پێشكەش بە فەرهەنگ غەفوور كرا و پیرۆزبایی ئەركی نوێ و هیوای سەركەوتنیشیان بۆی خواست.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دیاریی رێزلێنان و هەروەها چەپكەگوڵی پارێزگاری هەولێر پێشكەش بە سیروان عوسمان وەك بەڕێوەبەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر كرا.
لای خۆشیانە بەشێك لە دەزگاكان و بەڕێوەبەرەكان و فەرمانبەران چەپكەگوڵی پیرۆزبایی ئەركی نوێیان پێشكەش بە سیروان عوسمان كرد و هیوای سەركەوتن لە ئەركی نوێیان بۆی خواست.
فەرهەنگ غەفوور دوای ١٤ ساڵ وەك بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، ئەركەكەی وەك (ڕاوێژكار) گواسترایەوە بۆ ناو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و سیروان عوسمان كە ماوەی ١٣ ساڵ بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوكراوەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن بوو، ئەمڕۆ وەك بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر دەستبەكار بوو.

