لیوا فایق مزووری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، هۆشداری دەدات لە ئازادبوونی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریا و ڕایگەیاند، ئەمە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
لیوا فایق مزووری لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “ئازادبوونی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. لە بەرامبەر ئەمەدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق کەوتوونەتە ئینزار و تەواوی سنوورەکان بە شێوەیەکی تۆکمە کۆنترۆڵ کراون.”
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان جەختی کردەوە کە ڕێکاری توند گیراوەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر دزەکردنێکی چەکدارانی تیرۆریست بۆ ناو خاکی عێراق و پاراستنی سەقامگیریی وڵات لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئاڵۆزی و گۆڕانکارییە سەربازییەکانی ناوخۆی سووریا، نیگەرانییەکان لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش و هەڵاتنی چەکدارەکانیان لە زیندانەکان بۆ ناوچە سنوورییەکان زیادیان کردووە.

