zagros news agency

تەقەدووم هەڕەشەی بەشدارینەکردن لە حکومەتدا دەکات

 

پارتی “تەقەدووم” بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، ڕۆژی سێشەممە ئاماژەی بە ئەگەری بەشدارینەکردن کرد لە هەر حکومەتێکدا کە لەلایەن کەسایەتییەکەوە سەرۆکایەتی بکرێت کە بە وتەی ئەوان “عێراقییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ یادەوەریی ململانێ تائیفییەکان”؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ نووری مالیکی، کاندیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
حزبەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی حەلبوسی و بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی حزب و ئەندامانی فراکسیۆنی پەرلەمانی ئەنجامدراوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پەرۆشیی هەمیشەیی ئامادەبووان کراوەتەوە بۆ سەقامگیری وڵات و بەردەوامبوونی هەنگاوە ئەرێنییەکان لە بەهێزکردنی ئاسایش و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی و لەپێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە کۆبووەوەکان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان دووپات کردووەتەوە لەسەر پشتگیری نەکردن و بەشدارینەکردن لە حکومەتێکدا کە لەلایەن کەسایەتییەکەوە بەڕێوەبچێت کە “عێراقییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ یادەوەریی ململانێ تائیفییەکان و توندڕەوی و تیرۆر و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و عەرەبی گەشە پێ بدات”.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پارتی تەقەدووم داوای لە سەرکردەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کردووە کە ڕەزامەندیی نیشتمانی قبوڵ بکەن و پابەندی ئەم بنەمایە بن، هەروەها پێویستە سەرکردایەتی حکومەتی داهاتوو لەسەر ئاستی نیشتمانی کارا بێت و لەلایەن پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتگیری بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکە و جیهان تێیدا تێدەپەڕێت.
حزبەکە جەختی لە گرنگیی ئەوە کردووەتەوە کە حکومەتی داهاتوو کراوە بێت بەرەو دەوروبەری هەرێمی و عەرەبی، و کار بکات بۆ توندکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ تەحەدییە ئابووری و داراییەکان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، حزبەکە بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێبازی خۆی لە پشتگیریکردنی سەقامگیری سیاسی و بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی عێراق و گەلەکەی بپارێزێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی دارایی : ڕۆژی هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکرێت

یاسین

دکتۆر کەمال غەمبار، نووسەر و ڕەخنەگری کورد کۆچی دوایی کرد

سەڵاح

کەشناسی: پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە

سەڵاح