zagros news agency

نرخی دۆلارێک لە ئێران لە ١٥٠ هەزار تمەن تێپەڕی

 

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا حکوومییەکانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی کانوونی دووەم، بازاڕی دراوی ئەو وڵاتە بازدانێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی. نرخی دۆلار بەراورد بە ڕۆژی ڕابردوو ٥ هەزار و ٦٠٠ تمەن بەرز بووەوە و گەیشتە ١٥٠ هەزار و ٢٠٠ تمەن، بەمەش بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمار کرد.
شارەزایانی ئابووری ئاماژەیان بەوە کرد بەردەوامیی مەترسییە سیاسییەکان و پەرەسەندنی ناسەقامگیریی ناوخۆیی و ئەگەری گرژیی سەربازی دەتوانن ڕەوتی بەرزبوونەوەی بەهای دراو لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەهێزتر بکەن. ئەوان هۆشدارییان دا لە نەبوونی ئاسۆی ڕوون و سیاسەتی کۆنترۆڵکردندا گوشار بۆ سەر بازاڕی دراو هەر بەردەوام دەبێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم بازدانەی دراو و لە کاتێکدا بەهای ئۆنسەی جیهانیی زێڕ لە سنووری ٥١٠٠ دۆلاردا جێگیر بووە، بازاڕی زێڕ و سکەش ڕووبەڕووی هەڵبەز و دابەزینی توند بووەوە. بەپێی زانیارییەکان، نرخی هەر گرامێک زێڕی ١٨ عەیار گەیشتە نزیکەی ١٨ ملیۆن تمەن.
ئەم گۆڕانکارییانە لە دۆخێکدا ڕوویان داوە پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت دەستڕاگەیشتنی بازرگانان بە زانیارییەکان و ئەنجامدانی مامەڵە و تەنانەت ڕەوتی ئاساییی کاروکاسبیی تووشی کێشەی جیدی کردووە.
چالاکانی بازاڕ دووپاتیان کردەوە لە دۆخێکدا ئابووریی وڵات لەژێر گوشاری شۆکی یەک لە دوای یەکدایە، سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و پچڕانی ئینتەرنێت بارێکی قورس دەخاتە سەر چالاکیی ئابووری و بژێویی خەڵک.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەبارەی خشتەی بودجە 2024 دەكات

یاسین

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی، شاندێک دەچێتە بەغدا

یاسین

عێراق و ئێران 118 ڕوفاتیان ئاڵوگۆڕ کرد

سەڵاح