ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستپێکردنی گشتگیری پلاتفۆرمی “e-Psûle” (ئی-پسوولە) ڕاگەیەندرا، کە سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتووە بۆ پێدانی پسوولە حکومییەکان بە شێوەی دیجیتاڵی.
ئەم پلاتفۆرمە بە فەرمی لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراقەوە پەسەند کراوە؛ ئەم هەنگاوە وێستگەیەکی گرنگ و چارەنووسسازە لە چوارچێوەی ستراتیجی حکومەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی، کە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە كاركردن بە مامەڵەی نەختی (کاش) و ڕۆتینی کاغەزی دەهێنێت.
ئەم پلاتفۆرمە نوێیە، ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان، پسوولە حکومییەکان – کە سەرەتا بە پسووڵەی کارەبا دەست پێدەکات – لە هەر کاتێکدا (بە شێوەی 24 كاتژمێری) و لە هەر شوێنێک بن، بەكار بهێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانکردنی فەرمانگە حکومییەکان و نۆرەگرتن بکات.
بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکە بێبەرامبەرە و هاووڵاتی هیچ تێچوویەکی زیادە (عمولە) لە کاتی پارەدان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکە یان لە ڕێگەی هاوبەشە ڕێگەپێدراوەکانەوە لەئەستۆ ناگرێت.
گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئی پسوولە “e-Psûle”:
- کۆنترۆڵی تەواو: هیچ لێبڕینێک ناكرێت بەبێ ڕەزامەندیی هاووڵاتییان لە مووچە یان هەژماری بانکی؛ واتە هاووڵاتی خۆی بڕیاردەرە لە ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدانەکە.
- شەفافییەت: سیستەمەکە وردەکارییەکانی پسوولەکە بە ڕوونی پیشان دەدات، بە جیاکردنەوەی “قەرزی کۆن” لە “پسوولەی ئێستا” بۆ ئەوەی هاووڵاتی بە وردی بزانێت پارەی چی دەدات.
- فرەیی کەناڵەکان: دەکرێت پارەدانەکە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی “e-Psûle”، یان لە ڕێگەی جزدانە ئەلیکترۆنییەکان وەكوو: (FastPay, AsiaPay, NassWallet) و بانکە بەشداربووەکان (FIB, Cihan, NBI) ئەنجام بدرێت.
ئەم پڕۆژەیە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمە، بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی سەردەمیانە، کە شایستەی هاووڵاتییانە و برەودانە بە شەفافییەتی دارایی و ئاسانکاری بۆ ژیانی ڕۆژانە.

