دەستەی ئاماری تورکیا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە قەبارەی هاوردەکردنی عێراق لە تورکیاوە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار.
دەستەکە لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق بە بەهای ١٢ ملیار و ٣٨٠ ملیۆن دۆلار کاڵا و شمەکی لە تورکیاوە هاوردە کردووە، بەمەش دەبێتە پێنجەم گەورەترین وڵات لە هاوردەکردنی کاڵای تورکیدا لە دوای وڵاتانی ئەڵمانیا، شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا)، ئەمریکا و ئیتاڵیا.
بەپێی پێدراوەکان، هاوردەکردنی ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕێژەی %٥.٠٢ کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ کە ئەو کات ١٣.٠٣٤ ملیار دۆلار بووە، هەروەها بە ڕێژەی %٩.٩٦ کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ کە قەبارەکەی ١٣.٧٥٠ ملیار دۆلار بووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، گرنگترین ئەو کاڵایانەی عێراق هاوردەی کردوون بریتین لە: زێڕ و خشڵی گرانبەها، ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنی، ئامێر و کەرەستەی پیشەسازی، کەلوپەلی ناوماڵ (مۆبیلیات)، پلاستیک، دانەوێڵە، میوە و چەندین جۆرە کاڵای دیکە.

