لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگەی (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) بەردەوامە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ، بڵاوی كردەوە: “پڕۆژەی ڕێگەی (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل)، بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی ناوچەکە دادەنرێت و بە دەستی کاری ناوخۆیی و بە کوالێتییەکی بەرز جێبەجێ دەکرێت و ئەم ڕێگەیە درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە و بە شێوازی دووساید (چوون و هاتن) دروست دەکرێت، بۆ ئاسانکاریی زیاتری هاتوچۆی شۆفێران و کەمکردنەوەی جەنجاڵی، 3 یەکتربڕی مۆدێرن لەسەر ڕێگەکە بنیاد نراون.”
ئاماژەی بەوەش داوە: “بەشێکی سەرەکیی پڕۆژەکە پێک دێت لە هەردوو تونێلی (میراوە و ماوەران)، کە کارکردن تێیاندا بەردەوامە و بە شێوازێکی سەردەمییانە و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان تەواو دەکرێن. ئێستا کارەکانی یەکێک لە سایدەکانی ڕێگەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە و کارکردن لە سایدی دووەمدا بە چڕی بەردەوامە.”
ئاشكراشی كردووە: “گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە 90 ملیار دینارە. بەهۆی خێرایی لە بەڕێوەچوونی کارەکان و پابەندبوون بە پلانەکانەوە، چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان و گەشتیارانی ناوچەکە.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەكاتەوە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە توانای ناوخۆیی، ئاماژەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە هێزی کار و کۆمپانیاکانی ناوخۆ لە پڕۆژە ستراتیجییەکاندا.

