خەوێکی باشی شەوانە تەنها ماندوێتیی ڕۆژی ڕابردوو لە نێو نابات؛ بەڵکو لەو کاتانەی کە جەستە لە ئارامیدایە، پرۆسەی ئاڵۆز لە مێشکدا دەگوزەرێن کە کاریگەرییان لەسەر گەشەی ماسولکەکان، بەهێزیی ئێسکەکان، میتابۆلیزمی چەوری و تەنانەت ڕادەی هۆشیاریی مێشک لە دوای بەئاگابوونەوەدا هەیە.
توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە بێرکلی، لە توێژینەوەیەکدا ئەو بازنە دەمارییەیان دەستنیشان کردووە کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی دەردانی هۆڕمۆنی گەشە لە کاتی خەودا.
دۆزینەوەکانی ئەم توێژینەوەیە دەریانخستووە کە پەیوەندیی نێوان خەو و هۆڕمۆنی گەشە یەکئاراستە نیست؛ بەڵکو خەو یارمەتیی دەردانی ئەم هۆڕمۆنە دەدات و هۆڕمۆنی گەشەش لای خۆیەوە ڕۆڵی لە ڕێکخستنی بەئاگابوونەوە و بێداربوونەوەدا هەیە.
توێژەران چالاکیی بەشێکی مێشکیان بە ناوی «هیپۆتالامۆس» پشکنیوە؛ تێیاندا دەرکەوتووە لە قۆناغی خەوی قووڵدا (Non-REM)، چالاکیی ئەو خانانەی هۆڕمۆنی سۆماتۆستاتین (ڕاگر) دەردەدەن کەم دەکاتەوە و ڕێگە بۆ دەردانی زیاتری هۆڕمۆنی گەشە خۆش دەکات.
لە قۆناغی خەوی ڕاپەڕینی خێرا لە چاوەکاندا (REM)، هاوئاهەنگییەکی ئاڵۆزی دەماری ڕوو دەدات کە دووبارە دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی هۆڕمۆنەکە.
گرنگترین دۆزینەوەی توێژینەوەکە ئەوەیە کە بە بەرزبوونەوەی ئاستی هۆڕمۆنی گەشە لە کاتی خەودا، چالاکیی خانە دەمارییەکان لە ناوچەی «لۆکۆس سەرۆلیۆس» لە قەدی مێشکدا بەئاگا دەهێنرێنەوە؛ ئەم ناوچەیەش بەرپرسە لە هۆشیاری، تەرکیز و ئامادەیی مێشک بۆ کاردانەوە.
بە دەربڕینێکی سادە؛ خەو دەردانی هۆڕمۆنی گەشە زیاد دەکات، و بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنەکەش ئاماژە بە مێشک دەدات کە بەرەو بەئاگابوونەوە بڕوات.
لەبەر ئەوەی هۆڕمۆنی گەشە ڕۆڵی لە ڕێکخستنی سووتاندنی چەوری و شەکری خوێندا هەیە، تێکچوونی بەردەوامی خەو دەکرێت هاوسەنگیی ئەم هۆڕمۆنە تێک بدات؛ هەر بۆیە کەمیی خەو دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی مەترسیی قەڵەوی، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ.
زانایان تێبینیی ئەوەش دەکەن کە ئەم توێژینەوەیە لەسەر مشک ئەنجام دراوە و پێویستی بە تاقیکردنەوەی زیاتر هەیە لەسەر مرۆڤ، بەڵام هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە و نوێ لە چارەسەرکردنی تێکچوونەکانی خەو و نەخۆشییە میتابۆلی و دەمارییەکانی وەک پارکینسن و ئەڵزهایمەر.

