zagros news agency

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی(٧٣) ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و لاوان

 

بەڕێزان / سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان..

 

١٨ـی شوباتی ١٩٥٣ ڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژێکی شکۆدار و گەشە لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان. ئەمڕۆ کە ئەو بیرەوەرییە بەرز و شکۆدار ڕادەگرین، یادی کاروانێکی پڕ چالاکی و کار و کردار و کۆڵنەدان دەکەینەوە، یادی دوو توێژی بەهرەمەند و دڵگەرمە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانمان و مافی ڕەوای قوتابیان و لاوان.

 

دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە تێکۆشەرانە ئەستێرەیەکی هەمیشە درەوشاوەی ئاسمانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیمان و رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانە، کە هەر لە دامەزراندنیانەوە یەکەمین سەکۆی ئازادی دەنگی سەرجەم قوتابیان و لاوان بوون.

دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بەو دوو توێژە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر بوو بۆ دابینکردنی ماف و  خواست و ویستەکانیان، هەروەها ئەو کاروانە پڕ شکۆیەش شایەتی ئەو خەباتە نەپساوەیە دەدات، کە ئەو ڕێکخراوە بە بەرنامە و پلانی گونجاو خزمەتێکی بەردەوامی تێکڕای قوتابیان و لاوانی کردووە و بۆتە چرای هەمیشە ڕۆشنی زانست و پێشکەوتن و ئەفراندن.

 

لە لایەکی دیکەوە ئامانج و مافی پیشەیی قوتابیان و لاوان  خۆی لەو رێکخراوە سڤیلە دەبینێتەوە، بۆیە لە رێگای ئەو ڕێکخراوە و پەیامەکەی توانیویانە چەندین دەستکەوتی گرنگ بۆ ئەو دوو توێژە بەدی بێنن و بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و هەر ئەو ڕەوتە نەسرەوتووەش قوتابخانەیەک بوو بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی دەیان سەرکردە و کادیری لێهاتوو و دڵسۆز.

 

ڕۆڵ و کاریگەری توێژی قوتابیان و لاوان لە هەموو هەلومەرج و بارودۆخێکدا گرنگ بووە، ئەمڕۆش ئەرکی ئێوە و هەموو چین و توێژەکانی دیکەی گەلەکەمانە بە هەستێکی  ڕاستەقینەی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی ڕۆڵ ببینن بۆ قووڵکردنەوە و پتەوکردنی گیانی بەرپرسیاریەتی و بونیاتنانی داهاتوویەکی ڕۆشن و بەرهەمدار بۆ قوتابیان و لاوان.

 

یادکردنەوەی ١٨ـی شوباتی ئەمساڵ جیاواز لە ڕابردوو و، دوای دەیانساڵ خەبات و تێکۆشان و بەخششی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی قوتابیانی کوردستان، هەردوو ڕێکخراو هێز و تواناکانیان تێکەڵ بەیەک کراوە و وەکو یەک ڕێکخراو کە یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانە درێژە بە خەبات و خزمەت دەدەن، هیوادارین بە گوڕ و تینێکی زیاتر و بە بەرنامە و پلانی سەردەمیانە لە خزمەتی هەردوو توێژی کاریگەر و ئازیزی لاوان و قوتابیانی وڵاتەکەماندا بەردەوام بن و خەرمانی کار و بەخششتان زیاتربێ و لە ئاست گۆڕانکاریەکانی قۆناخەکە و چاوەڕوانییەکان دابن.

 

لە (٧٣)ەمین ساڵیادی دامەزراندی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتاندا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم کادیر و ئەندامانی رێکخراوەکەتان، پشتیوانی بەردەوامی خۆمان بۆ یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین وەک هەمیشە پێشەنگی خەبات و خزمەت و پێشخستنی کۆمەڵگا بن.

 

سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە رێگای سەرفرازی ڕێکخراوەکەتان و مافەڕەواکانی گەلەکەمان گیانی خۆیان بەخشی.

 

سڵاو لە (٧٣) ساڵ تێکۆشان و خەباتی بەردەوامی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٨ـی شوباتی ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

بەردی بناخەی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە ناحیەی قەسرێ دانرا

یاسین

یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەر ئێرانی درێژ کردەوە

یاسین

ڕووسیا لە قونەیتەرە خاڵێکی سەربازیی لە نێوان سوپای سووریا ئیسرائیلدا دانا

یاسین