ڕاپۆرتکاری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن ڕایگەیاند، هێرشی سەربازی بەبێ پەسەندکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕێگەچارەی کێشەکان نییە.
مای ساتۆ ئاماژەی بە پشتیوانیی ترەمپ لە خۆپێشاندانەکانی ئێران کرد و گوتی: “سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپێشاندەران سەرکوت بکات، هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە، بەڵام ئێستا نیگەرانییەکانی ترەمپ لە مافی مرۆڤەوە بۆ پرسی ئەتۆمی گۆڕاون”.
ئەم قسانەی ڕاپۆرتکاری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران لە کاتێکدان، پێشتر ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ تاران چوار مەرجی هەبوو کە سەرەکیترینیان ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و سنووردارکردنی توانای مووشەکی بوو. بەڵام ئێستا دوای ئەوەی دوو گەڕی دانوستانەکانی نێوانیان بەڕێوە چووە، تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتی سەرەکیی دانوستانەکان تەنیا پرسی ئەتۆمییە و بە هیچ شێوەیەک بابەتی دیکە ناهێننە سەر مێزی گفتوگۆکان.
لە بەرانبەردا، ئەمریکاش هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا چڕ کردووەتەوە و ڕای دەگەیەنێت، تاران هێڵە سوورەکانی واشنتنی قبووڵ نەکردووە، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی دانوستانەکان لەلایەن ئێران و ئەمریکاوە ئاشکرا نەکراوە و دیار نییە چی ڕوو دەدات.

