ئەمڕۆ دووشەممە، 9-3-2026، رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆ سەر شارۆچکەی یوحمەر لە باشووری لوبنان، فسفۆری سپی بەکارهێناوە.
رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل لە 3ـی ئادار لەهێرشێکیدا بۆسەر شارۆچکەی یوحمەر به نایاسایی فسفۆری سپی به کارهێناوه.
تەقەمەنی فسفۆری سپی کە لەکاتی بەرکەوتن لەگەڵ ئۆکسجین دەسووتێت، بۆ دروستکردنی دوکەڵ و ڕووناککردنەوە لە سەنگەرەکان بەکاردەهێنرێت. بەڵام دەتوانرێت وەک چەکێک بەکاربهێنرێت کە توانای سووتان و لەکارکەوتنی کۆئەندامی هەناسەدان و ئەندامەکانی جەستە و هەندێکجاریش مردنی هەبێت.
ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ ڕوونیکردووەتەوە، ڕێکخراوەکە حەوت وێنەی پشتڕاستکردووەتەوە و شوێنی جیۆلۆجییان دیاریکردووە کە تیایدا تەقەمەنی فسفۆری سپی لە ئاسماندا بەسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبووندا دەتەقێتەوە.
ڕەمزی کایس، توێژەری لوبنانی لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی: بەکارهێنانی نایاسایی فسفۆری سپی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەسەر ناوچە نیشتەجێبووەکاندا زۆر نیگەرانکەر و لێکەوتەی وێرانکەری بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی دەبێت.
کایس هۆشداری دا کە “فسفۆری سپی دەبێتە هۆی مردن یان برینی سەخت، هەندێک جاریش بەرکەوتووەکە تووشی ئازارێکی درێژ خایەن دەبێتەوە.”

