زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، ئەمڕۆ لە ڕێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ڕەخنەی توندی لە حکومەتی عێراق گرت و ڕایگەیاند کە حکومەتی بەغدا “یان بێتوانایە یان خۆی نایەوێت هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕابگرێت.”
خەلیلزاد لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە میلیشیاکانی عێراق، کە بە قسەی ئەو “لەژێر فەرمانی سوپای پاسد*ارانی ئێراندان”، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەروەها هەرێمی کوردستان. ئەو ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت کە “بەردەوام بەیاننامە دەردەکات و سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات، بەڵام لە بەیاننامەکانیدا هەڵوێستێکی جددی لەسەر ئەو هێرشانە نییە.”
باڵوێزە پێشووتری ئەمریکا، پرسیاری ئەوەی وروژاند کە ئایا ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق “یان بێتواناییە یان خۆی نایەوێت هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕابگرێت.”
هەر لە پەیامەکەیدا، زەڵمای خەلیلزاد داوای هەڵوێستێکی توندی لە ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: “ئێستا کاتی ئەوە هاتووه ئەمریکا توانا سەربازییەکانی میلیشیاکان وێران بکات کە ماوەیەکی زۆرە لە سایەی حکومەتی عێراقدا بە وەکالەت بۆ ئێران شەڕ دەکەن.”

