بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بزاڤی هونەری و پێشاندانی نوێترین کارە هونەرییەکان، بڕیارە لە شاری هەولێر پێشانگەیەکی تایبەت بۆ هونەرمەند و خۆشنووس مەریوان پیرباڵ لەژێر ناونیشانی “گرۆتێسک” بکرێتەوە.
پێشانگەکە لەلایەن کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەکاری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر سازدەکرێت.
بڕیارە سبەی چوارشەممە، ڕێکەوتی 25ـی ئاداری 2026، کاتژمێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ لە گەلەری میدیا پێشانگەکە بکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
مەریوان پیرباڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستانە، خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندە لە بواری هونەردا. لە 1981 لە هەولێر لەدایک بووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە ڕاهێنانی خۆشنووسی کردووە. هەرچەندە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسادا هەیە، بەڵام ژیانی هونەری خۆی بەردەوام کردووە و لە ساڵی 1998ـەوە بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی خۆشنووسان.
پیرباڵ ساڵی 2006 خەڵاتی دووەمی لە جۆری خەتی (نەستەعلیق) لەسەر ئاستی کوردستان بەدەست هێناوە و بەشداریی لە دەیان پێشانگە و پێشبڕکێی ناوخۆیی و دەرەکی کردووە. هەروەها ئەندامی سەندیکای هونەرمەندان و بنکەی ڕۆشنبیریی عێراقییە بۆ خەت و نەخشسازی.
پێشانگەی “گرۆتێسک” وەک وێستگەیەکی نوێی کارەکانی ئەو هونەرمەندە دادەنرێت و بانگهێشتی گشت هونەردۆستان دەکرێت بۆ ئامادەبوون تێیدا.

