کۆمپانیای ئەپڵ لە نوێترین وەشانی سیستمی کارپێکردنی ئایفۆن و ئایپادا تایبەتمەندییەکی پاراستنی زۆر پێشکەوتووی بە ناوی (Lockdown Mode) یان “دۆخی قفڵکردن” زیاد کرد کە ئامانج لێی پاراستنی بەکارهێنەرانە لە هێرشە ئەلیکترۆنییە مەترسیدارەکان.
ئەم تایبەتمەندییە چییە؟
“دۆخی قفڵکردن” بە بەهێزترین ئاستی پاراستن دادەنرێت کە تا ئێستا بۆ ئامێرە زیرەکەکان دروست کرابێت. ئەم دۆخە بۆ ئەو کەسانە پەرەپێدراوە کە بەهۆی پێگەی کار یان چالاکییەکانیانەوە، دەبنە ئامانجی هاکەرە نێودەوڵەتییەکان یان بەرنامە سیخوڕییە حکومییەکان (وەک پڕۆگرامی پێگاسۆس).
ئایا بۆ هەموو کەس گونجاوە؟
پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم تایبەتمەندییە بۆ بەکارهێنەری ئاسایی پێویست نییە. کاتێک ئەم دۆخە چالاک دەکەن مۆبایلەکە بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی سنووردار دەکات بۆ ئەوەی هیچ کەلێنێک بۆ هاکەران نەمێنێتەوە،
لەوانە:
١-: نامەکان: زۆربەی فایلە هاوپێچەکان و بەستەرەکان (Links) بلۆک دەکرێن.
٢-: وێبگەڕ: هەندێک تەکنەلۆژیای ناو ماڵپەڕەکان ڕادەگیرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی سێرچکردن.
٣-: پەیوەندییەکان: ڕێگری دەکرێت لە هەر پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی (FaceTime) ئەگەر پێشتر خۆت پەیوەندیت بەو کەسەوە نەکردبێت.
زیانەکانی ئەکتیڤکردنی چییە؟
ئەم دۆخە هیچ زیانێکی ئەمنی یان تەکنیکی بۆ مۆبایلەکە نییە، بەڵکو تەنها بەکارهێنانی مۆبایلەکە کەمێک قورس دەکات. زۆرێک لە تایبەتمەندییە خۆش و ئاسانەکانی ئایفۆن لە کار دەکەون بۆ ئەوەی سیکیورێتی لە بەرزترین ئاستدا بێت.
کێ پێویستە ئەکتیڤی بکات؟
ئەپڵ ڕایگەیاندووە کە ئەمە تەنها بۆ ئەو جۆرە کەسانەیە کە کێشەی هاکیان هەیە بەهۆی کارەکانیانەوە کە ئەمەش هەموو جۆرە بەکارهێنەرێکی ئاسای ئەپل ناگرێتەوە.
ئەم جۆرە بەکارهێنەرانە دەگرێتەوە وەک:
* ڕۆژنامەنووسە بنکۆڵکارەکان.
* چالاکوانانی مافی مرۆڤ.
* سیاسەتمەدار و بەرپرسە باڵاکان.
ئەگەر تۆ بەکارهێنەرێکی ئاساییت، پێویست ناکات ئەم دۆخە چالاک بکەیت، چونکە سیستمی ئاسایی ئایفۆن خۆی پارێزگارییەکی تەواوت لێ دەکات.

