پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، ڕایگەیاند لەمەودوا پرۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت. ئامانج لەم هەنگاوە ڕێکخستنەوەی بازاڕ، ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی غاز بە نرخی فەرمی بۆ هەموو خێزانەکانە.
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا، جەخت لەسەر باشترکردنی میکانیزمی دابەشکردن و زیادکردنی پشکی هەولێر لە غازی شل کرایەوە. هاوکات بڕیاردرا ئاسانکاری تەواو بۆ خێزانە نوێیەکان و دانیشتووانی ناوچەکانی ماددەی 140 بکرێت تا بەزوویی کارتی سووتەمەنییان بۆ دەربکرێت.
پارێزگار بە توندی هۆشداری بە بریکاران و کارگەکان دا کە هەر سەرپێچییەک لە نرخی دیاریکراوی حکوومەت ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکاتەوە. لیژنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون چاودێریی وردی بازاڕ بکەن تا کێشەی کەمیی غاز بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.

