لە کاتێکدا جیهان بە دەست ناجێگیریی بازاڕەکانی وزەوە دەناڵێنێت، شارەزایانی ئابووری هۆشداریی توند دەدەنە حکوومەتی عێراق، لەوەی وڵاتەکە بەرەو دۆخێکی ئابووریی مەترسیدار هەنگاو دەنێت. ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەگەر چاکسازیی ڕیشەیی ئەنجام نەدرێت، مانگەکانی داهاتوو بۆ بژێویی هاووڵاتییان و سەقامگیریی دارایی وڵات، تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبن.
ئەحمەد تەمیمی، شارەزای ئابووری، بۆ ئاژانسی (بەغدا ئەلیەوم) ڕایگەیاندووە کە ئاماژە داراییەکانی ئێستا ئاماژەی مەترسیدارن و عێراق لەبەردەم ئالنگارییەکدایە کە پێویستیی بە جووڵەیەکی حکوومیی بەپەلە هەیە. تەمیمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پشتبەستنی ڕەهای بودجە بە داهاتی نەوت، ئابووریی وڵاتی خستووەتە ژێر ڕەحمەتی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانی، ئەمەش وای کردووە توانای حکوومەت بۆ دابینکردنی خەرجییە کارگێڕی و وەبەرهێنانەکان لە بەردەم هەڕەشەی شۆکی لەناکاودا بێت.
لە لایەکی دیکەوە، تەمیمی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرزبوونەوەی بێوێنەی خەرجییە گشتییەکان لە بەرامبەر لاوازیی هەوڵەکان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، گەورەترین مەترسیی سەر بودجەی گشتیی عێراقە.
ئەو شارەزایە ئابوورییە دەڵێت: “دواکەوتنی چاکسازییەکان نەک هەر فشار دەخاتە سەر بودجە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر وەستانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و کەمبوونەوەی هەلی کار، کە ئەمەش لێکەوتەی نەرێنیی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.”

