مامۆستایهكی زانكۆ ئاماژه بهوه دهكات كه ئەمڕۆ عێراق ڕووبەڕووی تەحەددییەکی وجودی بووەتەوە لە کاتێکدا گروپە چەکدارە یاساشکێنەکان ئەجێندا تایبەتەکانی خۆیان لەژێر ناوی “بەرگری” یان بە ئامانجگرتنی “بەرژەوەندییە دەرەکییەکان” دەسەپێنن. بەڵام ڕاستی سەر زەوی چیرۆکێکی تەواو جیاواز دەگێڕێتەوە؛ چیرۆکێک کە قوربانییەکەی هاووڵاتیی عێراقییە ولێدانه له پیشكهوتنی كوردستان.
دكتۆر ئازاد ساڵح، بۆ زاگرۆس گوتی: “ناکرێت خوێندنەوە بۆ بە ئامانجگرتنی بەردەوامی هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان بکرێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو سەرکەوتنەی هەرێم لە دۆسیەی ئاسایش و وەبەرهێناندا بەدەستی هێناوە. لە کاتێکدا زۆرێک لە ناوچەکان بەدەست فەوزای چەک و دەستوەردانی میلیشیاکانەوە دەناڵێنن، هەولێر وەک ڕووکارێکی شارستانی دەردەکەوێت کە توانیویەتی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی ڕابکێشێت و ئاسایشێکی بەرجەستە دەستەبەر بکات.
ئهوهشی دهخاتهروو:ئەم جیاوازییە، جۆرێک لە “حەسوودیی سیاسی” لای ئەو لایەنانە دروست دەکات کە جگە لە زمانی چەک هیچ ڕێگەیەکی تر نازانن. پێکانی “کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل” یان “چێشتخانەیەکی شەعبی لە شەقامی ئیسکان”، بە ئامانجگرتنی ئەمریکا یان ئیسرائیل نییە وەک ئەوەی پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو هەوڵێکی بێهودەیە بۆ شکاندنی شکۆی ئاسایش لە هەرێم و ناردنی پەیامێک کە دەڵێت: “هیچ کەسێک پارێزراو نییە ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی چەکی بێسەروبەردا نەبێت”.
دهشڵێت: “دەستەوستانیی دەوڵەت لە بەرامبەر میلیشیاکاندا ئەو تێگەیشتنە دەدات کە سەروەریی عێراق کەمکوڕیی تێدایە. کاتێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بۆ پێکانی ئامانجی مەدەنی لەناو سنوورەکانی وڵاتدا دەجووڵێن، و لایەنە “ناوخۆییەکان” بەبێ هیچ ڕێگرییەکی ڕاستەقینە بەرپرسیارێتی خۆیان ڕادەگەیەنن، ئەوا چەمکی “دەوڵەت” دەکەوێتە مەترسییەوە ئەو میلیشیایانەی بانگەشەی لێدانی بەرژەوەندییە بیانییەکان دەکەن، حکومەتی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شەرمەزار دەکەن و خاکی عێراق دەکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان، لە کاتێکدا باجەکەی لە خوێنی هاووڵاتیانی سڤیل لە هەولێر و بەغدا و بەسرە دەدرێت.
دكتۆر ئازاد ساڵح ئهوهش دهخاتهروو: جێگەی گاڵتەجاڕییە کە بانگەشەی ئەوە بکرێت بە ئامانجگرتنی گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان و بازاڕەکان لە هەولێر، دەچێتە خانەی ململانێی میحوەرەکانەوە. هیچ بنکەیەکی سەربازی لەناو چێشتخانە شەعبییەکاندا نییە، و هیچ ناوەندێکی هەواڵگری لە کۆگا بازرگانییە خۆجێییەکاندا بوونی نییە.پاراستنی هەرێمی کوردستان تەنها بەرپرسیارێتی هەولێر نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەروەریی بەغدا. بەردەوامبوونی سیاسەتی “چاوپۆشین” لە میلیشیاکان و کەمتەرخەمی بەرامبەر “کلك و دەستکێشەکان” کە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەوەی کە لە شکۆی دەوڵەت ماوەتەوە.

