مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠، داهاتی ساڵانەی تاک لە عێراق بۆ نزیکەی ١٥ هەزار و ٨٥٠ دۆلار بەرز ببێتەوە، کە دەکاتە نزیکەی ١٣٢٠ دۆلار لە مانگێکدا.
بەپێی لێدوانێکی مەزهەر محەممەد ساڵح، دواین ڕاپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) ئاماژە بە گەشەیەکی هیوابەخش دەکات بۆ ئابووریی عێراق. عێراق لە ئێستادا پلەی پێنجەمی عەرەبی گرتووە و کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی گەیشتووەتە نزیکەی ٧٣٩ ملیار دۆلار (بەپێی پێوەری هاوسەنگیی هێزی کڕین).
راشیگەیاند: پێشبینی دەکرێت گەشەی ڕاستەقینەی ئابووری بگاتە ٣.٦٪.
بەشی تاک لە بەرهەمی ناوخۆیی دەگاتە ١٥,٨٥٠ دۆلار ساڵانە و ئاستی داهاتی مانگانەی هەر تاکێک دەبێتە ١,٣٢٠ دۆلار.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە و ڕکابەریکردن لە ناوچەکەدا، عێراق پێویستی بە چەند هەنگاوێکی سەرەکی هەیە:
1. دوورکەوتنەوە لە نەوت: هەمەجۆرکردنی ئابووری و پشتنەبەستنی تەنها بە داهاتی نەوت.
2. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان: جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان و بەستنەوەی ئابووریی عێراق بە وڵاتانی دراوسێ و جیهان.
3. ژینگەی وەبەرهێنان: دابینکردنی سەقامگیریی سیاسی و دارایی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی.
4. تەکنەلۆژیا و فێربوون: گرنگیدان بە فێربوونی دیجیتاڵی و داهێنان لە کەرتی کاردا.

