ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد. ئەم گۆڕانکارییەش دوای ئەو دڵەڕاوکێیانە دێت کە پەیوەستن بە دۆخی تەنگەی هورمز و ئەگەری کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ئێرانەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 60 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 97 دۆلار و 35 سەنت.
هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بە 97 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، دوای ئەوەی 3 دۆلار و 2 سەنت چووە سەر نرخەکەی.
ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخەکان دابەزینیان بەخۆوە بینی و بۆ خوار 100 دۆلار دابەزین، بەڵام جارێکی دیکە بەهۆی ئاڵۆزییەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووەتەوە.

