وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ هۆکارەکانی پەنابردن بۆ سیستەمی کۆپۆنی غازی بۆ هاووڵاتییان ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند کە پلانێکیان هەیە بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لە غاز بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ.
ساحب بزوون، وتەبێژی وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند: پێشتر عێراق ڕۆژانە ٤.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، کە غازێکی زۆری لەگەڵدا دەردەچوو، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار بەرمیل کەمی کردووە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر بڕی غازی ماڵان.
روونیشی کردەوه: بڕیاردراوە لە ڕێگەی “کۆپۆنی غاز” و بەپێی پسوولەی خۆراک مانگانە ٢ بتڵ غاز بۆ هەر خێزانێک دابین بکرێت، کە بە وتەی وەزارەت بۆ خێزانێکی ٥ بۆ ٦ کەسی بەسە.
وتەبێژەکە دڵنیایی دا کە هیچ قەیرانێک لە ئارادا نییە، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە هەر کورتھێنانێکی ئەگەری بەهۆی دۆخی ناوچەکە و جیهان، حکومەت بڕیاری داوە ٢٠٠ هەزار تۆن غاز لە دەرەوە هاوردە بکات بۆ ئەوەی کۆگای ستراتیژی بەهێز بێت.
سەبارەت بە دەنگۆی کەمکردنەوەی پشکی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکان، وەزارەتی نەوت ئەمانەی خستە ڕوو: ئەو نووسراوەی ئەمڕۆ بڵاوبووەتەوە و باس لەوە دەکات پشکی هەر ئۆتۆمبێلێک تەنها ٣٣ لیترە، سەرلەبەری ساختەیە و ڕاست نییە و وەزارەت بە تەواوی کۆنترۆڵی دابەشکردنی بەنزین و هەموو بەرهەمە نەوتییەکانی تری کردووە و هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە.

