هیشام ڕکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕەخنەیەکی توندی ئاراستەی ئەوە کرد کە بە “کاتکوشتن و دواخستنی بەردەوام” لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی وەسفی کرد بۆ یەکلانەکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران؛ هاوکات ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە باس لە گۆڕینی مالیکی بە کاندیدێکی تر دەکەن.
ڕکابی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” ڕایگەیاند: “هەر کەسێک هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدات لە چوارچێوەی وادە دەستوورییەکاندا، دەبێت خاوەن بڕیاری بوێر و یەکلاکەرەوە بێت، نەک بەردەوام بێت لە کاتکوشتن یان لایەنەکانی دیکە بە بەرپرسیاری دواکەوتنەکە بزانێت.” ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ شکستهێنانی چوارچێوە لە دەستنیشانکردنی کاندیدەکەی سەرەڕای ئەوەی پەرلەمان نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژاردووە.
جەختیشی کردەوە کە “چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا کاندیدەکەی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیە کە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە (نوری مالیکی) و نەگۆڕدراوە،” ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەوەی دەگوترێت دەربارەی دواخستنی کۆبوونەوەی شەممە بە پاساوی ناڕاستی نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ مالیکی، تەنها بانگەشەیەکی پووچە و ڕاستی مەیدانەکە پیشان نادات.”
ڕکابی وتیشی: “ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە یەکلاکردنەوەیەکی ڕوونە؛ چۆن کاندیدکردنەکە (مەبەستی مالیکییە) بە زۆرینە بووە، دەکرێت بە هەمان میکانیزم بکشێنرێتەوە و بەرەو کاندیدێکی نوێ هەنگاو بنرێت بەبێ درێژکردنەوەی بابەتەکە،” چونکە بە بڕوای ئەو “ئەم قۆناغە بەرگەی دواکەوتنی زیاتر ناگرێت.”
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

