zagros news agency

ئەم خۆڕاگرییەى گەلى کورد دەبێتە هۆی سەرکەوتنی گەورەى کوردستان

 

رێبوار حەمەلاو شوانى

بەدرێژایی زیاتر لەیەک سەدە خەبات وقوربانیدان لە پێناو بەدەستهێنانەوەى مافەزەوتکراوەکان ، گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن و خاوەن دۆزێکى رەوا  چەندین هەوراز و نشێوى بڕیووە و ڕووبەڕووى قێزەوەنترین گەلەکۆمەکى و پیلانگێرییەکان بووەتەوە و جۆرها چەکى وێرانکەر و کۆمەڵکوژیان بەرامبەر بەکارهێناوە ، بەڵام بە باوەر و ئیرادەوە بەهێزتر لە جاران ڕووبەڕووى داگیرکەران وناحەزانى بووەتەوە و هەر ماوەتەوە

لەماوەى نزیکەى چواردەیە حکوومڕانى گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان بە کردەوەش سەلماندوێتى هەرێمى کوردستان هەمیشە جگە لە ئاشتى  و سەقامگیرى و بەرژوەندى گشتى بۆ خۆى و دراوسێ و وڵاتانى ناوچەکە ، نەبووەتە هیچ مەترسییەک ، بەڵام پێچەوانەکەى هەندێک گروپ و تاقم و میلیشیایی ئاراستەکراو و لە یاسا دەرچوو و تیرۆریست هەموو سنوورەکانى دوژمنکاریی  گەلى کوردستانیان بەرزاندووە ،بەوەى لە رابردوو ئەگەر دەستیان هەبووە لە تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و سیاسى و لە ئێستاشدا بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر شوێنە ستراتیژییەکانى کوردستان بەتایبەتى چەند جار بارەگاى بارزانى،ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کە هەمووان پارێزەرى ئاشتى و ئارامى و پێکەوەژیانى لە کوردستان  وعێراق و ناوچەکەشدا

شەڕوململانێی جەمسەرەکانى ناوچەکە و جیهان هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیى تەنیووە و بووەتە شەڕێکى جیهانى کە لەناوچەکەدا چڕ بووەتەوە ، بۆیە سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و هەرێمى کوردستان زۆر بە ئاگایی وهوشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو جەنگە دەکات و خوێندنەوەى وردبیانەى هەیە ، باش دەزانێ کە ئەم جەنگە شەڕێکى ئابوورى و جیۆپۆلیتیکەییە لە ڕووى گۆڕینى نەخشەى سیاسى و فراوانکردنى هەژموونەوە ، هەر ئەوەشە هەرێمى کوردستان هەر لە دەستپێکى ئەم شەڕەوە هەوڵەکانى چڕ کردەوە بۆ ئەوەى ئەم جەنگە ڕوو نەدات و ، پاشانیش کە ڕوویدا گشت هەوڵەکانى بۆ ئەوە بوو تاوەکو کوردستان نەهێتە نێو شەڕ وململانێیەکانەوە و بێلانى خۆى پاراستووە

لەدواى دەستپێکردنى ئەو شەڕوململانێیانەدا ، ئێران و گروپە میلیشیاکانى لە عێراق بە سەدان جار بە ڕێگەى درۆنى بۆمبرێژکراو و مووشەک پەلامارى  هەرێمى کوردستانیان دا ، تەنها بۆ ئەوەى بازنەى جەنگە بەرفراوانتر بێت و هەر جۆرێک بێت هەرێمى کوردستان لە نێو ئەو شەڕەدا تێوەبگڵێنن ، بە مەرامە شوومەکانیان بگەن ، کەماوەى 23 ساڵە لە بەغداوە هەوڵى بۆ دەدەن ،ئەویش نەمانى قەوارەى هەرێمى کوردستانە

بەدڵنییاییەوە ، دەستکەوتەکانى جەنگ بەشێکى سەرەکین لە فراوانکردنى شەڕ و درێژەپێدانى ، بۆیە هەر لەسەرەتاوە لە دیدگاى ئێرانەوە، بەهێزیی هەرێمێان بە نێگەتیڤ دەبینى بۆ سەر ئاسایشى خۆیان ، ئەمە وێرانى ئەوەى هەموو ئەو دڵنییاییانەى کە سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان پێنانى دەدان لە هەموو ڕوویەکەوە .بەڵام دواجار لەم جەنگەدا هەرێمى کوردستانیان وەک پاروویەکى چەور خستە بەردەم گرووپە میلیشیا تیرۆریستییەکانیان کە ناوى خۆیان ناوە بەرەى مقاوەمە،

ئەم تێڕاوانینەى ئێران و عێراق و گروپە میلیشیاکانیان و هێرش و پەلاماردانیان بۆ سەر هەرێمى کوردستان لە ساڵانى 2014 ڕێچگەى خۆى گرت و لە ساڵى 2017 بە داگیرکردنى کەرکووک و نیوەى خاکى کوردستان گەیشتە لووتکە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامبووە ؛ تەنانەت هەموو سنوورەکانى دراوسێى و مرۆڤایەتیان بەزاند دواى ئەوەى لە بەغداوە هەوڵەکانیان بە گەمارۆخستنە سەر هەرێمى کوردستان بڕینى قووت و مووچەى خەڵکى کوردستان مەرامە شوومە هاوبەشەکانیان ئاشکرابوو ، ئەوان پێیان وابوو ئەم شەڕ کارەکانیان بۆ دوژمنایەتى و پەلاماردان و گەیشتن بەمەرامە شوومەکانیان ئاسانتر دەکات ، دوێنى بەچەکى بڕینى مووچە و گەمارۆى ئابوورى ، ئەمڕۆش بەڕێگەى مووشەکباران و درۆنباران و بەرفراوانکردنى شەڕەوە ، خەونى نەزۆکیان بە نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان و داگیرکردنى بێنەدى ، تا هەم میلیشیا تیرۆریستەکان خەونەکانیان بێتەدى و هەمیش ئێران لە ترسى کوردوکوردستان ڕزگار بێت

بەڵام گەلى کوردستان ، بە بوونى سەرکردایەتییەکى ژیرانە و وێراى هەموو ئەو دوژمنکارییانە و فشارانەى ساڵانى رابردوو و بەئێستاشەوە کە لە دژى پەیرەو کراوە ، جگەلەوەى کاروانى خزمەتگوزاریی حکوومەتى کوردستان بەردەوام بووە و رۆژبەرۆژیش لە پێشکەوتندایە ، لەهەمانکاتیشدا بەخۆڕاگرى و باوەرى پتەویی وبە سەرخستنى دۆزە رەواکەى بەهێزتربووە .لەرابردوو  و ئێستا و داهاتووشدا ، سیاسەتى برسیکردن و شەهیدکردن و لەناوبردن نەبووەتە هۆى لاوازکردنمان ، بە پێچەوانەوە بەهێزیان کردووین ، ئەوەش وایکردووە دۆزى کورد و ئیرادە پۆڵاینەکەى بگاتە ناوەندە ئاکادێمیەکانى جیهان و بەدڵنییایەوە ئەم خۆڕاگرییە دەبێتە هۆى دەستکەوت وسەرکەوتنى مەزن لە داهاتوویەکى نزیکدا

هەواڵی پەیوەندیدار

مه‌سروور بارزانی پیاوی ده‌وڵه‌تداری و رۆژانی سه‌خت

یاسین

شوناس وڕێبازی بارزانی وه‌ك رۆژی ڕووناكه‌ بۆ كوردوكوردستان

سەڵاح

سەری ڕم و شوورەی پۆڵایین 73 ساڵ تێکۆشان وقوربانیدان

سەڵاح