وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە پڕۆژەی گۆڕینی تۆڕە ئاسمانییەکانی کارەبا بۆ زەوی (تۆڕی ژێرزەوی) خراوەتە ناو بودجەی ئەمساڵەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چەند پێشنیازێک بۆ پشتبەستن بە “هایدرۆجینی سەوز” وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی وزە.
ئەحمەد مووسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند: “وەزارەت لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ پڕۆژەی گۆڕینی تۆڕە ئاسمانییەکانی کارەبای بۆ ژێرزەوی داناوە، بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی وزە، لابردنی سەرپێچییەکان و بەهێزکردنی کۆنترۆڵکردن بەسەر بەکارهێناندا”. ئاماژەی بەوەش کرد کە: “جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە تاوەکو ئێستا نەهاتووەتە دی، ئەوەش بەهۆی پەسەندنەکردنی بودجە و کەمیی تەرخانکراوە دارایییە پێویستەکان”.
ئەحمەد مووسا وتیشی: “پڕۆژەکانی پەرەپێدانی تۆڕی کارەبا، لەوانە گۆڕانکاری بەرەو سیستەمی پێشکەوتووتر، پێویستیان بە نەختێنەی دارایی گەورە هەیە بۆ مسۆگەرکردنی ئەنجامدانیان”، ئاماژەی بەوەش کرد کە: “پەسەندنەکردنی بودجە، لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکە و کەمیی دابینکردنی گازی نیشتمانی و هاوردەکراو، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر کەرتی کارەبا و جێبەجێکردنی پلانەکانی خاو کردووەتەوە”.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە: “هایدرۆجینی سەوز یەکێکە لە بنەماکانی دەسپێشخەریی نیشتمانیی باڵا بۆ پاڵپشتیی وزە، کە ئامانجی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا هەیە، و ڕێنمایی حکومی هەیە بۆ کارکردن لەو چوارچێوەیەدا”.
لە کۆتاییدا وتی: “وەزارەت هەنگاوی باشی ناوە لە لێکۆڵینەوەی ئەو پێشنیازانەی لەم بارەیەوە پێشکەش کراون، و ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزەدا جێگیر کراون، وەک بەکارهێنانی هایدرۆجینی سەوز، وزەی خۆر، وزەی با، جگە لە کارکردن بە سیستەمی سووڕی تێکەڵ”.

